هاونیشتمانییەک "لە کاتی سناپکردن"دا دەکەوێتە چەمی ماوەتەوە و دەخنکێت
رووداو - سلێمانی
ماوەی شەش رۆژە گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ کەوتووەتە چەمی ماوەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەرگریی شارستانیش رایدەگەیێنێت، سەرجەم تیمەکانی مەلەوانی لە ناوچەکانی دیکەوە هێنراون و بەدوای تەرمەکەدا دەگەڕێن.
نەقیب رێکان جەمال، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرجەم تیمەکانی مەلەوانی بەرگریی شارستانی کە ژمارەیان 21 کەسە، سەرقاڵی گەڕانن بەدوای تەرمی ئەو هاونیشتمانییەدا و لە چەند شوێنێکیش ناو ئاوەکە تەلبەندکراوە و رۆژانە گەڕان بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سلێمانی دەشڵێت، ئەو هاونیشتمانییە کەوتووەتە گۆمی خەمۆکەوە لە چەمی بەرد بەرد.
ئەرسەلان ئادەم، خزمی نزیکی ئەو هاونیشتمانییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی19-04-2020 برزۆ جەبار عەبدوڵڵا تەمەن 19 ساڵ لەگەڵ دوو هاوڕێیدا بۆ گەشتکردن دەچن بۆ چەمی ماوەت و لەوکاتەی کە دەیەوێت بە سناپ وێنە بگرێت (برزو) دەخلیسکێت و دەکەوێتە چەمەکەوە، بەهۆی زۆری و خوڕی ئاوەکەشەوە ئاو دەیبات و دەخنکێت".
ئەرسەلان ئادەم ئاماژە بەوەش دەدات، "تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و ئاسایش و پۆلیس سەرقاڵی گەڕانن بەدوای تەرمەکەیدا".
بەگوتەی کەسوکاری برزۆ جەبار "هاوڕێکانی کە لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکرابوون ئازادکراون بەو هۆیەی رووداوەکە لە کاتی وێنەگرتندا بووە وێنەی کەوتنە خوارەوەکەی هەتا ئەو کاتەی ئاوەکە دەیباتوو لە چاو ووندەبێت گیراوە، ئەوە دەرکەوتووە کە هیچ کەسێک هۆکار نەبووە بۆ ئەوەی بکەوێتە ئاوەکەوە".