قایمقامی دەربەندیخان: ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بۆ خواردنەوە شیاو نییە
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی قەزایەکی 70 هەزار کەسی پیس بووە، لە ساڵی 2013وە بەردی بناخەی پرۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان دانراوە، بەڵام بە نیوەچڵی جێهێڵدراوە. لە ساڵی 2018وە بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بە کاربەدەستانی قەزاکە راگەیێندراوە کە ئاوی دەربەندیخان شیاوی خواردنەوە نییە. بەشێک لە خەڵکی قەزای دەربەندیخان بۆ دەستکەوتنی ئاوی پاکی خواردنەوە، پەنا بۆ کانیاوەکان دەبەن، یاخود لە بازاڕدا ئاوی پاک دەکڕن، هەموو ئەمانە بارگرانیی بۆسەر شانی خەڵکی قەزاکە دروستکردووە. خەڵکی قەزاکە گلەیی لە نەبوونی ئاوی پاک دەکەن، قایمقامی قەزاکەش ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو ئاوەی لە رێگەی بەلوعەکانەوە دەگاتە ماڵەکان خۆیان نایخۆنەوە.
هەر بەنداوی دەربەندیخان تووشی پیسبوون نەبووە، بەڵکو بەپێی ئەو توێژینەوانەی لەسەر ئاوی دووکان کراون، ئاوەکەی دووکانیش بە چەندین ماددەی قورس و کیمیایی پیس بووە و بەکەڵکی خواردنەوە نایەت.
لە بەرنامەی ئەمجارەی "لەگەڵ رەنج"ی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو بابەتە بە میوانداریی هەریەک لە د. دیاری عەلی، پسپۆڕی سەرچاوە ئاوییەكان؛ دیار شێخ غەریب، بەڕێوەبەری ژینگەی سلێمانی و دڵشاد محەممەد، بەرپرسی بەشی تاقیگە لە تەندروستیی دەربەندیخان تاوتوێ کرا.
پێش تاوتوێکردنی ئەو پرسە لەگەڵ میوانەکانی، رەنج سەنگاوی، پێشکێشکاری بەرنامەکە گفتوگۆیەکی لەگەڵ سلێمان محەممەد سەعید، قایمقامی قەزای دەربەندیخان کرد و بە شێوەیەکی مەیدانی بەنداوی دەربەندیخان و ناو قەزاکەیان بەسەرکردەوە.
بە گوتەی قایمقامی قەزای دەربەندیخان، لە دەربەندیخان ئاو بۆ ماڵەکان دابین دەکرێت، "بەڵام ئاوی خواردنەوەکە بەکەڵکی خواردنەوە نایەت".
هەر لەبەردەمی قایمقامیەتی قەزاکە، کرێکارێک بەناوی كاروان عومەر، کە وەستای كاشییە، قسەی بۆ رەنج سەنگاوی کرد و ئاماژەی بەوە دا "متمانەمان بەو ئاوە نییە کە بۆمان دابین دەکرێت، ماوەی 10 بۆ 15 ساڵ دەبێت هەر ئاوی کانی دەخۆینەوە، بە ئۆتۆمبێلەکانی خۆمان دەچین دەیهێنین."
پۆلیسێکی قایمقامیەتیش بەناوی مەهران عومەر دەڵێت، بۆ دەستخستنی ئاوی پاکی خواردنەوە "فلتەر بەکاردەهێنین، یان لە کانیاوەکانەوە بە دەبە بە ئۆتۆمبێل دەیهێنین، جاری وا هەیە ئاوی کانیاوەکەمان دەستناکەوێت و لە بازاڕ دەیکڕین."
رەنج سەنگاوی لە قایمقامی قەزای دەربەندیخان دەپرسێت، "خۆت و منداڵەکانت ئاوی بەلوعەی حکومی دەخۆنەوە؟ متمانەتان بە ئاوەکە هەیە؟" سلێمان محەممەد لە وەڵامدا دەڵێت، "راستگۆبم لەگەڵت.. نەخێر.. متمانەم پێی نییە."
قایمقامی قەزای دەربەندیخان ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ساڵی 2018 بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە پێمان راگەیێندرا کە ئاوی دەربەندیخان شیاوی خواردنەوە نییە."
لە دەربەندیخان پاڵاوگەی ئاو هەیە بۆئەوەی ئاوی پاکی خواردنەوە بۆ ماڵان دابین بکات، پرۆژەکە لە ساڵی 2013 بەردی بناخەی بۆ دانراوە، لە 14-02-2014 کار لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەکە کراوە، بەڵام ئێستا پاڵاوگە کارناکات و قایمقامی قەزاکە دەڵێت، "پاڵاوگەکە تەواو بووە، تەنیا پێویستیی تەکنیکیی ماوە، لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار قسەم کردووە، دەڵێت تەنیا پێویستمان بە کۆمەڵێک ئامێرە لە دەرەوەی وڵات بیهێنین. دەشڵێت ئەگەر حکومەت تەنانەت بڕێکی کەمیشم بۆ خەرج بکات، دەتوانم ئیشەکان زیاتر بەرەو پێشەوە ببەم."
بە گوتەی سلێمان محەممەد، "ئاوی پیسی سلێمانی، لەگەڵ کۆی سەرجەم نەخۆشخانەکان و ناوچەی پیشەسازی پاشماوە و پاشەڕۆی پیسی سلێمانی هەمووی دەڕژێتەوە نێو ئاوی بەنداوی دەربەندیخان، هی دەربەندیخانیش دەڕژێتە نێو رووباری سیروان، نزیکەی 30%ی دەڕژێتە بەنداوی دێوانە."
قایمقامی دەربەندیخان تیشکی خستە سەر لایەنێکی دیکە، کە بێکارییە لە قەزاکە و دەڵێت، "لەڕووی جوگرافییەوە دەربەندیخان شارێکی داخراوە، سنووری لەگەڵ مەرزەکان و لەگەڵ عێراق نییە، لەڕووی کەسابەتەوە داخراوە، رەنگە 2000 دەرچووی کۆلێژ و پەپمانگە لە شارەکە هەبن، هەموویان بێکارن."
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئاوی دەربەندیخان بۆ خواردنەوە بەکاردەهێنن، بەبڕوای سلێمان محەممەد، "رەنگە 5%ی ئاوەکە بۆ خواردنەوە بەکاربهێنێت، مەگەر ئەوانەی توانای ماددییان نەبێت یان ئۆتۆمبێلیان نەبێت. ئەگەرچی لەڕووی زانستییەوە شارەزاییم نییە، بەڵام ئەوەی لە خەڵک بیستوومە دەڵێن، بەکارهێنانی ئەو ئاوە بۆ خۆشۆردنیش کاریگەریی لەسەر پێست هەیە."
د. دیاری عەلی، پسپۆڕی سەرچاوە ئاوییەكان، کە میوانی بەرنامەکە بوو، پێیوایە ئاو کە نەشیاو بوو، ناکرێت بۆ هیچ پێداویستییەکانی ناو ماڵ بەکاربهێندرێت چ بۆ خواردنەوە، چێشتلێنان و خۆشووشتن، "پێداویستیی ماڵ جیاوازە لەگەڵ پێداویستیی کشتوکاڵی یان پیشەسازی، پێداویستیی ناو ماڵ هەموو بوارەکان دەگرێتەوە، لە خواردنەوە، لە چێشتلێنان و لە خۆشووشتن، کە نەشیاو بوو، ناکرێت بۆ هیچی بەکاریبهێنیت."
بە بڕوای دیاری عەلی، کێشەی ئێمە لە هەڵگرتنی ئاو و تانکییەکانی ئاودایە، "زۆرجار لەوە دەچێت ئاوەکانیشمان پاک بێت، بەڵام کە بەشێوەیەکی ناتەندروست لە تانکیی سەربانمان هەڵیدەگرین و بۆ چەند رۆژێک عەمباری دەکەین، بەهۆی ئەوەی ئاوەکەمان بە بەردەوامی نییە، تانکییەکانیش کوالێتییان نییە، لەبەر هەتاوە، سەری دانەپۆشراوە. خۆی لە خۆیدا هەندێکجار پیسبوونی بایۆلۆجی یان کیمیایی لەگەڵ ماددەی ناو تانکییەکە دروستدەکات."
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی سەرچاوە ئاوییەكان، ئەگەر بێتو ئاو توخمی قورس یان ماددەی ئۆرگانیی زیانبەخشی تێدابێت بە کوڵاندن هیچ سوودێکی نابێت و بۆ خواردنیش دەستنادات و دەڵێت، "کوڵاندنی ئاو تەنیا لەڕووی بایۆلۆجی بەکتریۆلۆجییەوە ئاوەکەت بۆ خاوێن دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر توخمی قورسی تێدابێت، یان ماددەی ئۆرگانیی زیانبەخشی تێدابێت، کەواتە بشیکوڵێنی هەر سوودی نییە."
د. دیاری عەلی هۆکاری پیسبوون و نەپاراستنی سەرچاوەکانی بۆ جێبەجێنەکردنی یاسا دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، "یاسایەکی عێراقی هەیە هی ساڵی 1967 بەناوی چاککردن و پاراستنی ئاو، ئێستا بۆ ئەو یاسایە جێبەجێ ناکرێت؟ بۆ لە ساڵانی حەفتایەکانەوە ئاوەکانمان بەو دەردە رۆیشتووە؟ پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتەکان و بڕیاربەدەستەکانمان پارێزگاری لە کوالێتیی ئاوی رووبارەکان بکەن و ناکرێت ئاوی زێرابەکان بێ چارەسەر بخرێتە ناو رووبارەکان، کەواتە ئاوی رووبارەکانمان بە دەردی زێرابەکان دەبەین، ئەوەش کێشەکەیە."
ئەو پسپۆڕەی سەرچاوەکانی ئاو پێیوایە، ئەگەر حکومەت ئاوڕێکی جیددی لەو پرسە نەداتەوە، "هەموو رووبارەکانمان، نەک تەنیا دەربەندیخان و ئاوی تانجەڕۆ، بەڵکو هەموو رووبارەکانی کوردستان بە دەردی ئاوی دەربەندیخان و تانجەرۆ دەچێت." دەشڵێت، "ناکرێت ئاوی قورس، یان پاشەڕۆی پزیشکی و زڵ بخرێتە نێو ئاوەوە، لە هەموو دونیادا شتی وا نییە."
دیار شێخ غەریب، بەڕێوەبەری ژینگەی سلێمانی، کە میوانێکی دیکەی بەرنامەکە بوو، باسی لەوە کرد کە دەبێت تەواوی ئاوەکانی سەر زەوی بە 5 قۆناخی چارەسەرکردندا تێپەڕن، ئینجا ببرێتە نێو تۆڕی ئاوی خواردنەوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری ژینگەی سلێمانی، ئەوان لە مانگی شوباتی 2019 تاوەکو مانگی کانوونی دووەمی 2020 بەدواداچوونێکی وردیان لەسەر ئاوی دووکان و دەربەندیخان کردووە و دەڵێت، "لە 3 قوڵایی نموونەی ئاومان وەرگرتووە، ئەو ئاوە کە بەراوردی دەکەیت بە ستانداردەکانی عێراقی بۆ ئاوی سەر زەوی لەڕووی کوالێتییەوە گونجاون، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیێنێت ئەمانە گونجاوبن بۆ خواردنەوە، واتە نابێت بەبێ چارەسەرکردن ئەو ئاوانە ببرێنە نێو تۆڕی ئاوی خواردنەوە."
دیار شێخ غەریب ئەوەی خستەڕوو، "سەرچاوە ئاوییەکان شایەنی ئەوەن چارەسەر بکرێن و بۆ خواردنەوە بەکاربهێندرێن. ئەگەر لێیگەڕێین ئیدارەی ژینگەییمان نەک هەر سلێمانی، هەولێر و دهۆک بە هەمان شێوە، عێراقیش بەگشتی ئیدارەی ژینگەییمان زۆر لاوازە، نە ئاوەڕۆکانمان چارەسەر دەکەین، نە پاشەڕۆی رەقمان چارەسەر دەکەین، نە هۆشیارییەکی ئەوتۆمان هەیە کە سەرچاوە ئاوییەکان پیس نەکەین، ئەو سەرچاوە سرووشتییانەی هەمانە وێرانی نەکەین، ئەگەر ئەمانە نەکەین، ژینگە زۆر بە خێرایی نەک تەنیا ئاو، نەک تەنیا ئاوی دەربەندیخانیش.. ژینگە زۆر بە خێرایی بەرەو پیسبوون دەچێت."
دڵشاد محەممەد، بەرپرسی بەشی تاقیگە لە تەندروستیی دەربەندیخان میوانێکی دیکەی بەرنامەی "لەگەڵ رەنج" بوو، ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان لە ساڵی 2009وە دەستیان بە پشکنینی ئاو کردووە، ئەو سەرچاوە ئاوییانەشی کە پشکنینیان بۆ کردووە، ئەو ئاوە بووە کە راستەوخۆ بۆ هاووڵاتییان دەچێت.
بە گوتەی بەرپرسی بەشی تاقیگە لە تەندروستیی دەربەندیخان، لە کۆی ئەو پشکنینانەی بۆ سەرچاوەکانی ئاو کردوویانە "لەڕووی فیزیاییەوە بە شێوەیەکی گشتی، ئەوەی کە دێتە ناو پرۆژەکان و دابەشدەکرێت، دەتوانین بڵێین شیاوە، تەنیا لە وەرزێکی دیاریکراو نەبێت، ئەویش پاییزە، کە هەموو تایبەتمەندییەکانی ئاو لەدەستدەدات، هەم رەنگی دەگۆڕێت و هەم تامەکەی و هەمیش بۆنەکەی."
بەرپرسی بەشی تاقیگە لە تەندروستیی دەربەندیخان، رووە فیزیاییەکەی خستەڕوو، لەڕووی کیمیاییەکەشەوە دەڵێت، "ئێستا پرسیاری گەورەی خەڵکی دەربەندیخان لەسەر ئەوەیە ئەم ئاوەمان ماددەی تێدایە کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی کوشندە؟ وەکو ئەمانەتێکی زانستی من دەمەوێت بڵێم، تاوەکو ئێستا ئێمە هیچ بەڵگەیەکمان لەسەر دەربەندیخان لەلا نییە، لەبەرئەوەی خۆمان ناتوانین، بەڵام ئەوەی ئێمە کردوومانە لەڕووی کیمیاییەوە بۆ هەندێک کانزای وەکو پۆتاسیۆم و کالیسیۆم و مەگنسیۆم و ئەوانەی کە ئاسایین، تاوەکو ئێستا ئەوەی دەرکەوتووە خۆشبەختانە 90-95%ی پاکن."
لەڕووی بەکتریۆلۆجییەوە، دڵشاد محەممەد دەڵێت، "ناتوانین پێوانە بکەین بڵێین پاکە، ئەمڕۆ پاکە، سبەی لەوانەیە پیس بێت." دەشڵێت، پیسبوونی ئاو کێشەکە نییە "لە هەموو جیهاندا ئاو پیس دەبێت و ئاوی پیس هەیە، بەڵام کێشەی دەربەندیخان لەوەدایە چۆن ئەو ئاوە پیسە چارەسەر بکەین و بیگەیێنینە هاووڵاتییانی خۆمان."
بەرپرسی بەشی تاقیگە لە تەندروستیی دەربەندیخان ئاماژە بەوە دەدات، ئەوان لە ماوەی چوار مانگدا لەڕووی بەکتریۆلۆجییەوە پشکنینیان بۆ ئاوی پرۆژەکان کردووە کە ئاو بۆ خەڵکی دەربەندیخان دابین دەکەن و بەپێی داتاکانیان "لە مانگی یەک 13 پشکنینمان بۆ پرۆژەکان کردووە، کە دوو پرۆژەی سەرەکین و ئاو بۆ هاووڵاتییان دابین دەکەن، لەو 13 پشکنینە 10ی شیاو بووە 3ی نەشیاو بووە، لە مانگی شوبات لە کۆی 12 پشکنین بۆ پرۆژەکان، هەموویان شیاو بوون، بەڵام لە مانگی ئادارەوە مەترسییەکان دەستپێدەکات، لە کۆی 13 پشکنین بۆ پرۆژەکان چواریان شیاو بوون نۆیان نەشیاو بوون، مانگی نیسان لە کۆی 13 پشکنین 12یان نەشیاو بوون."