عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک: ناهێڵین خوێنی ئەم کوڕەی خۆمان بە فیڕۆ بڕوات


رووداو دیجیتاڵ

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ کوڕێکی عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک لە چەمچەماڵ کوژرا. بەگوێرەی زانیاریی کەسوکارەکەی، سەرهەد لە لایەن بنەماڵەی دووژمنداری عەبدوڵڵا کوێخا موبارەکەوە کوژراوە. لە رێوڕەسمێکی قەرەباڵخدا تەرمی سەرهەد بە خاک سپێردرا.
 
عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک بە تایبەت لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە پەیامی دانبەخۆداگرتنی بۆ کەسوکارەکەی نارد و گوتی، "ئێمە بەڵێن بە خەڵکی خۆمان دەدەین، ناهێڵین خوێنی ئەم کوڕەی خۆمان بە فیڕۆ بڕوات، بەڵێن بە خزم و کەسوکاری خۆشەویستمان دەدەین، بەڵام لەگەڵ ئەو چەند کەسە دیاریکراوەدا، ئەگینا لەگەڵ هیچ هێز و لایەنێک کێشەیەکمان نییە. بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان و ئارامیی چەمچەماڵ لە رووحی منیش گرنگترە نەک هەر کوڕەکەم."
 
کامێراکانی چاودێری و شاهێدحاڵەکان دیمەنی ساتی رووداوەکەیان بۆ هێزە ئەمنییەمان کردووەتە دۆسییە و دادوەریش فەرمانی دەستگیرکردنی چەند کەسێکی بۆ پۆلیس ناردووە.
 
 
بەهجەت وەهاب، مامۆستای ئایینی لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی سەرهەد رایگەیاند، "هەموومان دەزانین خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا کاتێک باسی بەڵا و ناخۆشی کردووە، فێری ئارامگرتن و سەبرمان دەکات، فێرمان دەکات کە مرۆڤی موسڵمان دەبێ ئارامبگرێ لە بەڵا و موسیبەتەکان، چونکە مرۆڤ کە هاتە دونیاوە، تووشی دەیان کێشە و گرفت دەبێت."
 
هەردوو بنەماڵەی ناکۆک خزم و نزیکی یەکدین، لە کاردانەوەی کوژرانی کوڕەکەیاندا، کەسوکاری عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک خانوو و ماڵی یەکێک لە تەقەکەرەکانیان سووتاند.
 
سەرهەد لەدایکبووی ساڵی 2001 بووە، دوای ئەوەی تەقەی لێکراوە، دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.