هەپەگە ناسنامهی دوو گەریلا ئاشكرا دهكات کە لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، ناسنامهی دوو گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاشكرا دهكات كه لە شهڕ و پێكدادان له دژی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی نیسانی 2024، ناوەندی راگەیاندن و چاپهمهنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی ئەو دوو گەریلایەی بڵاوکردەوە کە لە رۆژی 1ـی نیسانی 2024، لە چیای گارە لە هەرێمی کوردستان لە شەڕ و پێکدادان لە دژی سوپای تورکیا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵدا گیانیان لەدەستدابوو.
ناسنامەی گەریلاکان بەمشێوەیەن؛ سیبەل دەنیز ناسراو بە ئارارات هەرەکۆل لەدایکبووی وان و گوڵێ حەسۆ ناسراو بە زین زاگرۆس لەدایکبووی کۆبانێ.
رۆژی 22ـی نیسانی 2024، ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هەپەگە، کوژرانی سێ سەربازی سوپای تورکیا و برینداربوونی سەربازێکی دیکەی لە ناوچەی مەتین بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە 48 کاژێردا چوار جار هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی تورکیا.
هەمان رۆژ، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بە ئەمانجکردنی شەش گەریلای پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.