بەڕێوەبەرایەتیی کاری دهۆک: رێژەی کرێکاری بیانی 14٪یە
رووداو دیجیتاڵ
ئامارە فەرمییەکان ئاشکرای دەکەن رێژەی کرێکارانی بیانی لە پرۆژەکانی پارێزگای دهۆک 14٪یە کە ئەوەش کەمترە لەو رێژەیەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دیاریکراوە.
عەبدولکەریم حەماد، بەڕێوەبەری کاری پارێزگای دهۆک لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو رایگەیاند، تیمەکانیان تائێستا چاودێری 8363 پرۆژەیان لە پارێزگای دهۆک کردووە، 17 هەزار و 39 کرێکاری خۆماڵی و دوو هەزار و 384 کرێکاری بیانی کاریان لەو پڕۆژانەدا کردووە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 20ـی ئەیلوولی 2022، بڕیاری ژمارە 172ـی دەرکرد بۆ کەمکردنەوەی رێژە و ژمارەی کرێکارانی بیانی لە کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی بڕیارەکە، کۆمپانیاکان پابەند دەکرێن بەوەی 75٪ـی دەستی کاریان نێوخۆیی بێت و 25٪ یان کەمتریان کرێکاری بیانی بن.
عەبدولکەریم حەماد گوتی: "لەسەر ئاستی گشتی لە پارێزگای دهۆک رێژەی کرێکارانی بیانی زۆر باشە، بەڵام تێبینیمان لەسەر چەند پرۆژەیەک هەیە و بەدواداچوونی بۆ دەکەین."
بەڕێوەبەری کاری پارێزگای دهۆک هەروەها جەختیکردەوە: "هیچ کرێکارێکی بیانی کارتی نیشتەجێبوونی بۆ ناکرێت تاوەکو کارتی کاری بۆ نەکرێت. پشتگیری کار بۆ هیچ کرێکارێک ناکەین تاوەکو دەستەبەری کاری بۆ نەکرێت."
بەڕێوەبەری کاری پارێزگای دهۆک باسی لەوەشکرد لیژنەی پشکنینی کار رۆژانە سەردانی شوێنی کارەکان دەکات، هێڵێکی گەرم هەیە بە ژمارە 5500 لە سەرتاسەری هەرێمی کورستان کاردەکات بۆ ئەوەی کرێکاران سکاڵاکانیان تۆمار بکەن.
عەبدولکەریم حەماد داواشی لە کرێکاران کرد: "هەر کەسێک هەست دەکات ستەمی لێدەکرێت سکاڵا تۆمار بکات لە رێگەی هێڵی گەرمەوە."
بەپێی گوتەی بەڕێوەبەری کاری دهۆک، ئەمساڵ دەیان سەردانیان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کرێکاران، یەک شوێنی کاریش دراوەتە دادگا.