تەماتە و بەرهەمی دیکەی عێراق لە عەلوەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و بەو هۆیەوە نرخ دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
نرخی تەماتە، خەیار، بیبەر، پەتاتە و پیاز لە هەرێمی کوردستان دابەزی. سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر دەڵێ: "رۆژ بە رۆژ نرخ زیاتر دادەبەزێ".
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کیلۆیەک تەماتە لە عەلوە ئەمڕۆ بە نزیکەی 700 بۆ 750 دینار دەفرۆشرێ".
15ـی ئەم مانگە کیلۆیەک تەماتە لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 2 هەزار و 500 دینار، دواتر بە ریزبەندی دابەزی بۆ 1500 دینار و کەمتر. سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر گوتی: "زۆربەی تەماتە لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێ و بەشێکیشی عێراقییە".
رەجەب حاجی عەزیز گوتی: "بەرهەمی عێراق گەیشتووەتە عەلوەکان و نرخ بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو دابەزیوە، لەوانە کوولەکە، پیاز و خەیار".
هەر لەم چەند رۆژەدا کیلۆیەک بیبەر لە عەلوەی هەولێر لە 1500 دینارەوە بۆ 700 دینار دابەزیوە؛ پیاز لە 750 دینارەوە بۆ 300 دینار دابەزیوە؛ پەتاتە لە 900 دینار بۆ 600 دینار دابەزیوە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر گوتی: "بەرهەمی نێوخۆی کوردستانیش لە پێگەیشتندایە و لە هەفتەی داهاتوو بەدواوە نرخ زیاتر دادەبەزێ".
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی سەوزە و میوە بە گشتی لە عەلوە دابەزیوە، لەنێویاندا تەماتە نرخی ئاسایی بووەتەوە و کیلۆی بە نزیکەی 750 دینار دەفرۆشرێ".
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتی: "لە هەرێمی کوردستانیش خەیار پێگەیشتووە و هاوردەکردنی قەدەخە کراوە، نرخەکەیشی دابەزیوە و کیلۆی بە نزیکەی 400 دینار دەفرۆشرێ".
هاوشێوەی عەلوەی هەولێر، لە سلێمانیش جگە لە بەرهەمی ئێران و وڵاتانی دیکە، بەرهەمی عێراقی دەفرۆشرێ و وەکو سەروەر عەلی دەڵێ، نرخی هەموویان بەراورد بە رۆژانی پێشوو دابەزیوە.