قایمقامی پشدەر: تەرمی رەفیق سابیر دەگەڕێنرێتەوە و لە قەڵادزێ بە خاک دەسپێردرێت


رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمشەو تەرمی شاعیری ناوداری کورد، رەفیق سابیر لە وڵاتی سوێدەوە بگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان و سبەی لە رێوڕەسمێکی شایستەدا لە شارۆچکەی قەڵادزێ بە خاک بسپێردرێت.
 
رۆژی شەممە، 25ـی نیسانی 2026، بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمشەو تەرمی رەفیق سابیر، شاعیری دیاری کورد دەهێنرێتەوە شاری رانیە کە زیاتر لە مانگێکە لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کردبوو".
 
بە گوتەی بەکر بایز، بڕیارە سبەی یەکشەممە کاژێر 10:30 رێوڕەسمێکی شایستە و رۆشنبیری لە هۆڵی رۆشنبیری لە رانیە بۆ بکرێت و "دواتر لە گۆرستانی قەڵادزێ بە خاک بسپێردرێت."
 
رەفیق سابیر لە ساڵی 1950 لە قەڵادزێ لەدایکبووە؛ لە ساڵانی حەفتاکانەوە دەستی بە نووسین کردووە و خاوەنی چەندین شیعری بەناوبانگە کە لە ئەدەبیاتی کوردیدا جێگەی تایبەتیان هەیە.
 
رەفیق سابیر لە 28ی شوباتی 2026 لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد. دوای رێکارەکانی گەڕانەوەی تەرمەکەی ئەمشەو دەگەیێندرێتە هەرێمی کوردستان.