کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: هەرێمی کوردستان داوای نزیکەی 2 ملیار دینار وەک خەرجی ئاو و کارەبای کەمپەکان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای نزیکەی 2 ملیار دینار وەک خەرجی ئاو و کارەبای کەمپەکان لە حکومەتی فیدراڵی دەکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە لیژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە پێکهێندراوە.
 
عەلی جیهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای نزیکەی 2 ملیار دینار پارەی ئاو و کارەبای کەمپەکان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەکات."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "لەسەر ئەو بابەتە لیژنەیەک پێکهێنراوە و لەسەر بنەمای کارەکانی ئەو لیژنەیە، رێکار و بڕیاری پێویست دەدرێت."
 
عەلی جیهانگیر باسی لەوەش کرد، جگە لە پارەی ئاو و کارەبا، پرسێکی دیکە هەیە کە پەیوەندی بە زەویی کەمپەکانەوە هەیە و ئەو خاوەن زەوییانەی کەمپەکان لەسەر زەوییەکانیان دروستکراوە، داوای قەرەبوو و کرێی زەوییەکانیان دەکەن.
 
ئاوارەکان جگە لە پارێزگای نەینەوا، خەڵکی پارێزگاکانی ئەنبار، سەلاحەدین، دیالە و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراقن و لە ساڵی 2014 و دوای هەڕەشەکانی داعش هاتنە هەرێمی کوردستان.
 
نزیکەی 20 هەزار خێزانى ئاوارە لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستانن کە زۆربەیان کوردی ئێزدین. سێ بژاردە خراوەتە بەردەمیان: گەڕانەوە، مانەوە وەک هاووڵاتی جێگیر لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان، چوونە پارێزگای سێیەم.
 
لە پارێزگای سلێمانی هیچ کەمپێکی ئاوارە نەماوە. لە هەولێر و دهۆک 22 کەمپ هەن کە 18یان لە دهۆک و ئەوانی دیکە لە هەولێرن.