حکومەت: 809 هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و 20 شەهید و 123 بریندار هەن
رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتەوە هەرێمی کوردستان 809 هێرشی کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا 20 شەهید و 123 بریندار هەن.
راگەیێندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 25ـی نیسان بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "ئاماری هێرشەکان لە 28ـی شوبات بۆ 20ـی نیسان تۆمارکراون. هەرێمی کوردستان لە ریزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانە دێ کە بەشداری جەنگەکە نین و زۆرترین زیانی گیانی و ماڵییان بەرکەوتووە، سەرەڕای بێ لایەنی".
بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانەوە "20 شەهید و 123 بریندار هەن؛ سەتان هاووڵاتییش زیانی مادی بە ماڵ و شوێنی کار و ئۆتۆمبێلەکانیان کەوتووە".
بەگوێرەی ئامارەکە، ژمارەی هێرشەکان بەمشێوەیەیە:
- پارێزگای هەولێر؛ 477 هێرش کراوە، 419 درۆن و 58 مووشەک بەکارهێندراون، لە ئەنجامدا 10 شەهید و 83 بریندار هەن.
- پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە: 235 هێرش کراون، 194 درۆن و 41 مووشەک بەکارهێندراون، لە ئەنجامدا 3 شەهید و 6 بریندار هەن.
- پارێزگای دهۆک؛ 29 هێرش کراوە، 29 درۆن بەکارهێندراون.
- ئیدارەی سەربەخۆی سۆران؛ 68 هێرش کراون، 59 درۆن و 9 مووشەک بەکارهێندراون، لە ئەنجامدا 7 شەهید و 34 بریندار هەن.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی حکومەت، لە 28ـی شوبات بۆ 20ـی نیسان، بەگشتی 809 هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان کە 701 درۆن و 108 مووشەک بەکارهێندراون، لە ئەنجامدا 20 شەهید و 123 بریندار هەن.
لە راپۆرتەکەی فەرمانگەکەی حکومەتی هەرێـی کوردستاندا ئاماژە بە زیانەکانی دیکە بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیە کراوە:
- پارێزگای هەولێر؛ 726 هاووڵاتی بەهۆی هێرشەکانەوە زیان بە ماڵ و خانوو، ئۆتۆمبێل و شوێنکاریان کەوتووە.
- پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە: لە 24 هێرش و بۆسەر شوێنی سڤیل، دەیان هاووڵاتی زیانمەند بوون.
- پارێزگای دهۆک؛ زیاتر لە 13 خار هێرش کراوەتە سەر کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و زیان بە ماڵی هاووڵاتییان گەیشتووە.
- ئیدارەی سەربەخۆی سۆران؛ 35 هاووڵاتی بەهۆی هێرشەکانەوە زیان بە ماڵ، شوێن کار و خانووەکانیان کەوتووە.