مامۆستایەکی ئایینی لە مەخموور: دوای رەخنەیەک لە گوتاردان راگیرام

رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایەکی ئایینیی لە مەخموور لە گوتاردان راگیرا. مامۆستاکە دەڵێ، رەخنەی لە بازگەیەک گرتووە کە تێیدا سوپای عێراق ئاستەنگی بۆ خەڵک دروست دەکات و داوای کردووە، قایمقامی مەخموور دەستلەکار بکێشێتەوە، دواتر لە گوتاردان راگیراوە. قایمقام دەڵێ، بڕیاری ئەوقافە و پەیوەندی بەوەوە نییە. ئەوقافیش راگرتنەکە بە رێکاری کارگێڕی ناودەبات.
 
مەلا سەید عەلی سەید رەمەزان، گوتاربێژی مزگەوتی مەلا ساڵح لە قەزای مەخموور، کە لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەینی پێشوو 17ـی نیسان لە گوتارێکدا رەخنەم لە بازگەی مەخموور گرت و لە فەیسبووکیش بەشێکی گوتارەکەم دانا؛ ئەوە بووە هۆکاری ئەوەی لە گوتاردان رابگیرێم".
 
بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانە بڵاوکراونەتەوە، دوێنێ دانیشتووانی سنووری مزگەوتی مەلا ساڵح لە مەخموور، کاتێک چوون بۆ نوێژی هەینی و بینیویانە مەلا سەید عەلی لادراوە، بەشێکیان وەکو هەڵوێستێکی ناڕەزایی لە مزگەوتەکە چوونە دەرەوە.
 
مەلا سەید عەلی گوتی: "سەرم سووڕماوە. من رەخنەم لە بازگەیەک گرت کە سەر بە سوپای عێراقە و بەگوێرەی تاقەتی خۆیان کاردەکەن و زۆر زەحمەتی بۆ کورد دروست دەکەن، ناهێڵێن هیچ بهێنین، تەنانەت لێپرسینەوە لە هێنانی سەوزە و میوەش دەکەن، بەڵام لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لە گوتاردان راگیراوم".
 
ئەو مامۆستا ئاینییە کە وەکو خۆی باسی دەکات 20 ساڵ خزمەتی هەیە و دەڵێ: "لە گوتارەکەمەدا رەخنەم لە قایمقامی مەخموور گرت و گوتم، کێشەکانت پێ چارەسەر ناکرێ، دەست لەکاربکێشەوە، هەروەها داوام لە کاک سەنگەر کانەبی، بەرپرسی لقی قەرەچووخی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد کە برا گەورە بێ و کێشەکان چارەسەر بکات. بەڵام لەبری چارەسەر، کارمەندێکی ئەوقاف بە رێزەوە پەیوەندی پێوەکردم و گوتی لە گوتاردان راگیراوم".
 
رزگار محەممەد، قایمقامی قەزای مەخموور، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لابردنی ئەو مامۆستا ئاینییە بڕیاری ئەو نەبووە؛ ئاماژەی بەوەکرد: "ئەوە بڕیاری ئەوقافە و هیچ پەیوەندی بە منەوە نییە".
 
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "راگرتنی ئەو مامۆستایە لە چوارچێوەی رێکارێکی کارگێڕیی ئەوقافی مەخمووردایە، ئەویش بە ئامانجی رێکخستنی کاری گوتاربێژی".
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی: "ئەو مامۆستا ئاینییە لانەبراوە، لە گوتاربێژی راگیراوە، رێکاری کارگێڕییە بۆ رێکخستنەوەی هەموو ئەوقافەکانە نەوەکو تەنیا مەخموور، ئامانجەکەش ئەوەیە کە ئەوانەی ناونیشنانی گوتاربێژییان هەیە گوتار پێشکێش بکەن".