کەشناسی: بارانبارین بەردەوام دەبێ


رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، سبەی بارانبارین بەردەوام دەبێ. کەشناسێک پێشبینی دەکات، تاوەکو چوارشەممە کاریگەری شەپۆلی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان بمێنێت و بارانی پچڕ پچڕ ببارێ.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە هەندێک کات و شوێن پێشبینی بارانبارین دەکرێ، بەتایبەت لە "ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، پێشبینی نمەباران و گەواڵەبارانی بەهاری دەکرێ".
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسی دەڵێت: "بە درێژایی رۆژ لە کات و شوێنی جیادا پێشبینی نمەباران و بارانی مامناوەند بەشێوەی گەواڵە بارانی بەهاری و هەورە برووسکە دەکرێ".
 
ئەو ناوچانەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی کردووە سبەی بارانیان تێدا ببارێت ئەمانەن:
 
ناوچەکانی ئیدارەی سەربەخۆکانی راپەڕین، سۆران و گەرمیان، "بەتایبەت" کەلار و کفری؛ هەروەها لە شاری هەولێر و دەوروبەری؛ ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر و لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و کەرکووک پێشبینی بارانبارین دەکرێ.
 
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی و دوو سبەی ئەگەری بارانبارین هەیە کە تاوەبارانی بەهاری و کورتخایەن دەبێ. سێشەممە و چوارشەممەش ئەگەری بارانی پچڕ پچڕ دەمێنێ".
 
کەشناسی رایگەیاندووە، ئەم وەرزەی بارین "ئەگەر وێستگەی هەولێر بە نموونە وەربگیرێ، لە ساڵی 1997ـەوە تاوەکو ئێستا جگە لە ساڵی 2019 نەگەیشتوەتە (700)ملیمەتر، بەڵام ئەم وەرزەی بارین تاوەکو ئەمڕۆ (702.2) ملیمەتر بارانی تۆمار کردووە و پێشبینی زیاتریشی لێ دەکرێ".
 
پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان:
هەولێر؛ 22 پلەی سیلیزی 
سلێمانی؛ 21 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 20 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 23 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 28 پلەی سیلیزی
پیرمام: 20 پلەی سیلیزی
سۆران: 18 پلەی سیلیزی 
حاجی ئۆمەران: 14 پلەی سیلیزی 
چەمچەماڵ: 22 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 20 پلەی سیلیزی 
گەرمیان: 27 پلەی سیلیزی