قایمقامی هەڵەبجە: هێشتا نەمانتوانیوە یەک بوتڵ گاز بەسەر هەموو خێزانەکانی هەڵەبجەدا دابەش بکەین
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی هەڵەبجە راگەیاند، دابینکردنی گازی شل لە پارێزگاکە هێشتا ئاسایی نەبووەتەوە و ئەو بڕەی دەگاتە دەستیان زۆر کەمترە لەوەی پێشتر بۆ پارێزگاکە تەرخان دەکرا.
رۆژی شەممە، 25ـی نیسانی 2026، سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دۆخی گاز لە پارێزگاکەمان ئاسایی نەبووەتەوە، بگرە نەگەیشتووەتە نیوەی پێشتریش؛ پێشتر لە ماوەی 5 رۆژدا 80 تۆن گازمان لە کۆرمۆر و کەرکووک بۆ دەهات، بەڵام لە هەفتەی رابردوودا تەنیا 14 تۆن هاتبوو، ئەمەش بەراورد بە رابردوو زۆر کەمە."
لەبارەی شێوازی دابەشکردنی گاز بەسەر هاووڵاتییان و نرخەکەی، قایمقامی هەڵەبجە دەڵێت: "دابەشکردنی گاز بە فۆرمە، هێشتا یەک بوتڵ گازی حکومیمان بۆ هەموو خێزانەکان تەواو نەکردووە، چونکە بڕەکە زۆر کەمە".
هەفتەی رابردوو بە هەمووی یەک وەجبەی گاز بۆ هەڵەبجە هاتووە. سمکۆ سالار لەبارەی ئەم هەفتەیە گوتی: "دوێنێ و ئەمڕۆ بۆمان هاتووە و دابەشی دەکەین تاوەکو هەموو خێزانێک بوتڵێ یەکەم وەردەگرێت".
قایمقامی هەڵەبجە باسی لەوەشکرد: "نرخی هەر بوتڵێک بە 8500 دینارە، بەڵام نرخی بازرگانی هەر بەرزە و بە 35 هەزار دینار دەفرۆشرێت؛ وای بۆ دەچم ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە کاتی پێویست بێت."
لە 13ی نیسانی 2026، کۆمپانیای دانەگاز بە فەرمی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ راگەیاند.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە رۆژی چوارشەممە 8ی نیسان، ئەمریکا و ئێران رایانگەیاند بۆ ماوەی دوو هەفتە جەنگ رادەگرن و دەست بە گفتوگۆ دەکەن.