گرژییەکانی ناوچەکە بازاڕی هەرێمی کوردستانیان شەکەت کردووە


رووداو دیجیتاڵ

حوسێنی 23 ساڵان، باوکی دوو منداڵە و ئێستا چاوەڕوانییەکانی لەسەر شۆستەیەک کۆ کردووەتەوە؛ چاوەڕێیە کەسێک بۆ کارێکی رۆژانە بانگی بکات. ئەو دەڵێت، پێشتر بە مووچەی 600 هەزار دینار وەک پاشا دەژیا، بەڵام ئێستا ئاگری گرژییەکانی ناوچەکە، بژێوییەکەی کەمکردووەتەوە.
 
حوسێن ئەحمەد، کە پێشتر کرێکار بووە، لەبارەی دۆخی ژیانییەوە دەڵێت: "بە ئێمەیان گوت بڕۆنەوە ماڵەوە، یەکێک لەوانە من بووم. لە کۆمپانیایەک کارم دەکرد و مانگی 600 هەزارم هەبوو، وەک پاشا دەژیام، بەڵام ئێستا هەتا بڵێی ژیانم خراپە. من ئەگەر هیچ ئیشێک نەکەم، دەبێت رۆژانە 10 هەزار دابنێم بۆ کرێی خانوو، ئەی کارەبا، ئاو، مۆلیدە و غاز؟"
 
بێدەنگیی نێو کارگەکان، چیرۆکی بازاڕێکی شەکەت دەگێڕێتەوە. پێشتر دەنگی ئامێرەکان و قەرەباڵخیی کڕیار لەو شوێنانە نەدەپچڕا، بەڵام ئێستا زۆربەی ئامێرەکان کوژاونەتەوە و نیوەی کرێکارەکانیش نێردراونەتەوە ماڵەوە.
 
شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕ و کار کردن لە هەرێمی کوردستان دا هەبووە. بۆ نموونە کارگەیەکی ئاسنگەری کە سێ لقی هەیە، لقێکیانی داخستووە و لەم لقەش دا لە کۆی 12 کارمەند، شەشیان بەڕێ کردووە. خاوەنەکانیان دەڵێن، ئەگەر بێت و رەوشەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ناچارن ئەم لقەش دابخەن.
 
ئازاد عوسمان، سەرپەرشتیاری کارگەی ئاسنگەرییەکە، دەڵێت: "لە 28ـی مانگی دووەوە کە 50 رۆژە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێرانە، رۆژ بە رۆژ ئیش خراپتر بووە. وەک دەبینیت هەشت ئامێرمان هەیە و تەنیا دوو دانەیان کاری پێ دەکەین. ئەو ئیشەی ئێستاش دەیکەین هیی پێش شەڕە و تەواوی دەکەین، ئێستا کار بەگشتی وەستاوە."
 
زۆربەی ئەم کارگانە کەرەستەی خاویان لە ئێرانەوە بۆ دەهات، بەڵام ئێستا بەهۆی ناسەقامگیریی سنوورەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە، کارگەکانیان یان داخستووە، یان لە لێواری داخستندان.