ساسان عەونی: 5.7 ملیار دینارەکەی سەرۆکی حکومەت کاریگەریی لەسەر سەوزاییەکانی سلێمانی دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرۆکی حکومەت "گرنگیی زۆر" بە بابەتی سەوزایی لە شاری سلێمانی دەدات و لەو روانگەیەوە پارەی بۆ پارکی هەواری شار و بلوارەکانی ناو شارەکە تەرخانکرد، بڕی پارە تەرخانکراوەکەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بەردەوامیی سەوزاییەکانی شارەکە دەبێت.
 
سەبارەت بە دابینكردنی ئەو پێنج ملیار و 700 ملیۆن دینارەی كە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ به‌ڕێوه‌بردن و خزمەتكردنی سه‌وزاییەكانی‌ پاركی هه‌واری شار و شه‌قامی شێخ مه‌حموود و شه‌قامی تاسڵوجه‌ لە شاری سلێمانی تەرخانی كرد، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، سەرۆکی حکومەت بە دابینكردنی ئەو بڕە پارەیە، "موژدەیەكی خۆشی راگەیاند بۆ سیانەكردن و ئیدامەكردنی سەوزاییەكانی پاركی هەواری شار و بلوارەكانی ناو شاری سلێمانی".
 
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دابینكردنی بڕە پارەکە بە "گرنگ و كاریگەر" دەزانێت و لەوبارەیەوە دەڵێت "بە دڵنیاییەوە ئەو بڕە پارەیە كاریگەرییەكی راستەوخۆی لەسەر بەردەوامیی سەوزاییەكانی ناو شاری سلێمانی و بەتایبەتی پاركی هەواری شار و هەموو بلوارەكانی ناو شاری سلێمانی دەبێت".
 
ساسان عەونی ئاماژە بەوەش دەكات، دەرخستەی پارەكە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بە بایەخەوە بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەرزكراوەتەوە و سەرۆكوەزیرانیش ئەو بابەتەی "زۆر بە گرنگ زانیوە" و رەزامەندیی لەسەر دابینكردنی ئەو بڕە پارەیە داوە بۆ خزمەتكردنی ناوچە سەوزاییەكانی شاری سلێمانی.