ئاسایشی سلێمانی: 13 کەسمان بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێل، زێڕ، پارە و مۆبایل دەستگیر کردووە


رووداو دیجیتاڵ

ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیێنێت، سێ گرووپی دزیکردنیان دەستگیر کردووە کە هەستاون بە دزینی ئۆتۆمبێل، زێڕ، پارە و مۆبایل.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25-05-2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، ئەو سێ گرووپە لە 13 کەس پێکهاتوون، تۆمەتباران لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی دەوروبەری هەستاون بە دزیکردن لە ماڵان، دووکان و شوێنە گشتییەکان و وەرگرتنی سەرانە لە هاووڵاتییان.
 
ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، ئەو باندە ئۆتۆمبێل، زێڕ، پارە و مۆبایلیشیان دزیوە و تۆمەتباران دانیشتووی هەرێمی کورستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراقن.
 
تۆمەتبارەکان بەگوێرەی ماددەکانی 443، 444 و 446 لە یاسای سزادانی عێراق راگیراون و ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.