باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق: نیو سەدەیە مێژووی گوندی چەرمۆ لە پرۆگرامی خوێندنماندا دەخوێندرێت

 
رووداو - سلێمانی

پڕۆفیسۆر ئاکیرا تسونێکی لە یابانەوە 12250 کیلۆمەتری بڕیوە بۆ گەشتنە هەرێمی کوردستان تاوەکو کار لەسەر ناوچە شوێنەوارییەکانی گوندی چەرمۆ، یەکێک لە کۆنترین گوندەکانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی، بکات.
 
پێنج ساڵە لەو گوندە، لە چەند جێگەیەکی ئەو ناوچە شوێنەوارییە، پڕۆفیسۆرە یابانییەکە کاری کردووە، نوێترین کاری کنە و پشکنینی دۆزینەوەی خانوویەک بووە، گۆزە و کوورە و دەرزی و پارچەی ددانی ئێسکی ئاژەڵ و چەند کەرەستەیەکی دیکەی بەکارهێنانی رۆژانەی دۆزیوەتەوە.
 
پڕۆفیسۆر ئاکیرا تسونیکی، پسپۆڕی شوێنەوارناسییە و بە رووداوی راگەیاند، "ئێستا زیاتر دەچینە خوارەوە و هەڵیدەکەنین بۆئەوەی بزانین بۆچی خەڵکەکە لێرە نیشتەجێبوون، بۆچی خەڵک لێرە دەستی بە چاندن و ژیان کردووە، چونکە ئێرە گوندێکی کشتوکاڵی بووە. لە کاتی قووڵبوونەوەماندا چەند ژوورێکمان دۆزییەوە و لەنێو یەکێکیاندا تونێلێکمان دۆزییەوە. تونێلەکە بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی لێرە کشتوکاڵیان کردووە."
 
باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق سەردانی کارکردنی تیمی وڵاتەکەی لە چەرمۆ کرد. ئەو دەڵێت، چەرمۆ بۆ ئەوان زۆر مانادار و گرنگە، زیاتر لە 50 ساڵیشە ئەو گوندە لە پڕۆگرامەکانی خوێندن لە وڵاتەکەیان دەخوێندرێت.
 
ماتوسومۆتۆ فۆتۆشی، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق دەڵێت، "ئەمڕۆ یەکەمین پارچە گۆزەی بەردینم دۆزییەوە کە 7500 ساڵ کۆنە، لەگەڵ ئەم دەرزییانەش؛ تیمە شوێنەوارناسەکەمان رۆژانە ئەم شتانە دەدۆزێتەوە. شوێنەوارناسی زۆر گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە پێویستە بزانن کە ئێوە شارستانیەتێکی کۆنن، بزانن لەم هەرێمە لە کوێوە هاتوون، بۆئەوەی مێژووی خۆتان دابمەزرێنن بە پشتبەستن بە شتی بابەتیانەی وەکو ئەمە."
 
کارەکانی هەڵکۆڵین و دۆزینەوە بۆ شوێنەوارەکانی چەرمۆ لەلایەن تیمی ناوخۆیی تیمە ژاپۆنییەکەوە بەردەوامن.
 
زیاتر لە 70 ساڵە شوێنەواری گوندی چەرمۆ دۆزراوەتەوە و لەدوای ساڵی 2004ەوە زیاتر توێژینەوەکان پەرەیان پێدراوە لەبارەیەوە. گوندەکە بووەتە یەکێک لە کۆنترین و سەرەتاییترین گوندی جیهان کە ژیان و شوێنەواری کاری کشتوکاڵی تێدا دۆزرابێتەوە.