ئاسایشی هەولێر سێ کەس بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی دەرمان و جگەرە دەستگیردەکات
رووداو دیجیتاڵ
سێ کەسی بە تۆمەتی بە نایاسایی بردنی دەرمان و جگەرە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی عێراق دەستگیرکران، "کە بەنیازبوون لە رێگەی پاسی گەشتییارییەوە دەرمان و جگەرەکان لە هەرێمی کوردستانەوە ببەنە دەرەوە."
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئەمڕۆ (شەممە، 25ـی ئایاری 2024) رایگەیاند "بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر سێ تۆمەتبارمان دەستگیر کرد بە ناوەکانی (د. س. م.) و (ع. ع. م.) و (م. م. و.)، کە شوێنێکی شاراوە و نهێنییان لەنێو پاسێکی گەشتیاریدا دروستکردبوو."
ئاسایشی هەولێر ڤیدیۆی چۆنیێتی دەستگیرکردنی سێ تۆمەتبارەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت؛ "تۆمەتبارەکان بەنیازبوون لە کۆگەیەکی بێ مۆڵەت لەناو شاری هەولێر، بڕێکی زۆر دەرمانی پزیشکی و پاکەتی جگەرە بەڕێگەی ئەو پاسە گەشتیارییەوە بەشێوەی شارەوە بگوازنەوە بۆ شارەکانی خوارووی عێراق."
لە ڤیدیۆکەی ئاسایشی هەولێردا دەردەکەوێت؛ بڕێکی زۆر دەرمان و جگەرە لە کۆگەیەکدا ئامادەکراون بۆ ئەوەی لە رێگەی پاسە گەشتیارییەکەوە بە شێوەی نایاسایی لە هەرێمی کوردستان ببرێنە دەرەوە، دوای دەستبەسەرداگرتنی دەرمان و جگەرەکە، هێزەکانی ئاسایش کۆگەکە دادەخەن.