رووداوێکی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان نۆ برینداری لێکەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سەر رێگەی مهاباد - سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان، نۆ کەس بریندار بوون. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی مهاباد دەڵێت: ''تەندروستیی یەکێک لە بریندارەکان ناجێگیرە".
 
رووداوەکە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری تیبا و پیژۆ 206  روویدا. سەردار فەداکار موکری، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی مهاباد رایگەیاند، دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانە گواستونەتەوە.
 
سەردار فەداکار موکری دەڵێت، 'هۆکاری رووداوەکە نازانرێت و پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای ورمێ سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە.
رێگەی مهاباد-سەردەشت بە درێژیی 125 کیلۆمەتر لە باشووری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە و بەهۆی نەبوونی تابلۆی ئاگادارکردنەوە و ستانداردنەبوونی، بە یەکێک لە مەترسیدارترین رێگەکانی پارێزگاکە دەناسرێت.
 
رۆژی 30ی ئاداری 2024، رەزا پەناهی موقەدەم، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە 15 بۆ 29ی ئاداری ئەم ساڵ، 15 کەس لە سنووری پارێزگەکە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.