سەرۆک بارزانی: ناکرێت قووتی خەڵک وەکو چەکێک دژی خەڵکی کوردستان بەکاربهێندرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی ئایار، سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازیی لە ژمارەیەك ئەمیر، سەرۆك هۆز و كەسایەتیی هۆزەكانی پارێزگاكانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق کرد و چەند پرسێکیان باسکرد. سەرۆک بارزانی گوتی، "بوونی ناكۆكیی گەلی كوردستان لەگەڵ حكومەت و رژێمەكان بە مانای ناكۆكی لەگەڵ گەل و پێكهاتەكانی عێراق نایەت."
 
بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارێکدا ئەو ئەمیر و سەرۆک هۆز و کەسایەتییانەی عێراق، سوپاسی هەڵوێستی سەرۆک بارزانییان کردووە بۆ هەوڵدان بۆ جێگیركردنی سەقامگیری، قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان، برایەتی و تەبایی؛ هەروەها سوپاسی گەلی كوردستانیان كردووە لە رۆژانی تەنگانە و شەڕی تیرۆردا باوەشیان بۆ ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لە بەشەكانی دیکەی عێراق كردەوە.
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، میوانەکانی سەرۆک بارزانی ستایشی "سەقامگیری و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد، كە سەرباری بوونی ئاستەنگ، بەڵام هەرێمی کوردستان توانیویەتی لەسەر رێگەی بووژانەوە هەنگاو بنێت." هەروەها راشیانگەیاندووە، "ئەوان لە داخوازییە رەواكانی گەلی كوردستان دەگەن، پەیامی پاڵپشتی و موحەبەت و پێزانینیان بۆ گەلی كوردستان هەیە."
 
 
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا بۆ ئامادەبووان ئاماژەی بە مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، ئەو نەهامەتی و زووڵمە كرد كە حكومەتەكانی عێراق بەسەر گەلی كوردستانیان هێناوە، ئەوەشی خستەڕوو، "بوونی ناكۆكیی گەلی كوردستان لەگەڵ حكومەت و رژێمەكان بە مانای ناكۆكی لەگەڵ گەل و پێكهاتەكانی عێراق نایەت و سیاسەتی هەڵەی حكومەتەكان هەرگیز ناتوانێت پەیوەندیی نێوان گەلان تێك بدەن."
 
سەرۆك بارزانی راشیگەیاند، "حەز دەكەن هەموو عێراق ئاوەدان بێت، ببوژێتەوە و كەرامەتی هاووڵاتییان لە هەموو بەشەكانی عێراق پارێزراو بێت."
 
لە بەشێكی دیکەی گوتەكانیدا، سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ، ئەوەی دووپات كردەوە، "ناكرێت قووتی هاووڵاتیان بە سیاسی بكرێت و وەكو چەكێك لە دژی خەڵكی كوردستان بەكاربهێندرێت." جەختیشی لەوە كردەوە، "حوكمڕانیی لە عێراق كاتێك سەركەوتوو دەبێت كە دەستوور جێبەجێ بكرێت و هەموولایەك پابەندی هەر سێ پرەنسیپی هاوسەنگی، سازان و هاوبەشی بن."