دەزگای روانگە کۆتاییهاتنی پڕۆژەی چاندنی 20 هەزار دار زەیتوونی لە هەولێر راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو ساڵ، پڕۆژەی چاندنی 20 هەزار نەمامی زەیتوونی ئیسپانی لە هەولێر کۆتاییهات. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە دەڵێت، ''لە رۆژێکدا توانای بەرهەمهێنانی چوار ملیۆن لیتر ئۆکسجینیان دەبێت.''
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25-05-2025، لە رێوڕەمسێکدا بە ئامادە بوونی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی دەزگای روانگە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حیزبی و حکومی، کۆتاییهاتنی پڕۆژەی چاندنی 20 هەزار نەمامی زەیتوونی ئیسپانی لە هەولێر راگەیێندرا.
پڕۆژەکە لەلایەن دەزگای روانگەوە بە هاوکاریی رێکخراوی (جی ئای زێد)ـی ئەڵمانی و وەزارەتی کشتوکاڵ لە بەرزاییەکانی کەسنەزانی هەولێر کراوە. حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''لە ساڵی 2023ـوە کار بۆ پڕۆژەکە دەکرێت و نیسانی پار، 11 هەزار دار لەلایەن رێکخراوی جی ئای زێدی ئەڵمانی بۆ دەزگای روانگە دابینکرا و دەزگاکەش دەستی بە چاندن کرد.''
بەگوتەی حەسەن شێخ عەلائەدین، نۆ هەزار دارەکەی دیکە، لەلایەن ئیدریس بارزانییەوە دابینکراوە و ''ئێستا لێرە 20 هەزار دار زەیتوون چیندراوە.''
وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە دەڵێت، جیا لە پاراستنی ژینگە، ''ئەم 20 هەزار دارە لە رۆژێکدا توانای دابینکردنی چوار ملیۆن لیتر ئۆکسجینیان دەبێت، کە بڕی ئۆکسجینی پێویست بۆ نۆ هەزار کەسە.''
حەسەن شێخ عەلائەدین ئەوەشی خستەڕوو، ''ئەگەر 20 هەزار دارەکە بگەنە بەرهەم، توانای بەرهەمهێنانی 120 تۆن زەیتی زەیتوون و 400 تۆن زەیتوونیان دەبێت.''
نەمامەکان لە جۆری زەیتوونی ئیسپانی هەڵبژێردراون. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ''بەراورد بە دار زەیتوونی عێراقی، زۆر زووتر دەگەنە بەرهەم، واتا تەنیا بە دوو ساڵ.''
بەراورد بە دارەکانی دیکە، زەیتوون ئاوی کەمی پێویستە. حەسەن شێخ عەلائەدین ئاماژەی بەوە کرد، ''بە سوودوەرگرتن لە پێشکەوتنەکانی سەردەم، بۆ ئاودێریی دارەکان کۆگەی ئاو (واتەر بۆکس) بەکارهێنراوە کە لە وەرزی هاویندا تەنیا جارێک بۆ دوو جار پێویستی بە پڕکردنەوەیە.''
بەگوێرەی پڕۆژەکە بۆ هەر دارێک کۆگەیەکی ئاو دانراوە کە 15 بۆ 20 لیتر ئاو لەخۆدەگرێت و لەوانەیە مانگانە بە لایەنی زۆرەوە، تەنیا پێویستی بە یەک جار پڕکردنەوە هەبێت، ئەوەش رێگری تەواو لە بەفیڕۆچوونی ئاو دەکات.
''هەلی کاری بۆ ئاوارەکان، ژنان و کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت رەخساندووە''
هاوکات سۆما وەهاب، نوێنەری ئاژانسی جی ئای زێدی ئەڵمانی گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''چاندنی ئەم 20 هەزار دارە، تەنیا پڕۆژەیەکی ژینگەیی نییە، بەڵکو ئەمە گەواهیدەرە بۆ نوێبوونەوە و هیوا و خۆڕاگری.''
بەگوتەی سۆما وەهاب، ''ئەم پڕۆژەیە ئەنجامی کاری هەرەوەزیی پەنابەران، ئاوارەکانی نێوخۆ و کۆمەڵگەی خانەخوێ بوو، لە نێویاندا ئافرەتان و کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت.''
نوێنەری رێکخراوی جی ئای زێدی ئەڵمانی سوودەکانی ئەم پڕۆژەیە بەو شێوەیە دەخاتەڕوو:
- بەرەنگاربوونەوەی کێشەی بەبیابانبوون و داڕووخانی خاک لە زەوییەکاندا دەکات.
- ژینگەیەکی بچووک بۆ پەرەپێدانی جۆراوجۆری زیندەوەران پێکدەهێنێت.
- مەزەندە دەکرێت ساڵانە 200 تۆن دووانە ئۆکسیدی کاربۆن هەڵبمژێت.
- دابینکردنی هەوایەکی پاک و سێبەر بۆ ئەم ناوچە گەشتیارییەی دەرەوەی هەولێر.
- دەرفەتی کاری بۆ ئەو کەسانە رەخساندووە کە زۆرترین پێویستییان پێی هەبووە.
- بەرەهەمی زەیتوونەکەی هاوکار دەبێت بۆ هێنانە کایەی بژێوییەکی بەردەوام بۆ ناوچەکە.
''لەگەڵ ئیتاڵیاش دەست بە کاری هاوبەش دەکەین''
لە رێوڕەسمەکەدا بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا باسی گرنگیی پڕۆژەکەی کرد و ئاماژەی دا، ''لەکاتێکدا کراوە کە گۆڕانی کەشوهەوا لە ئاستی جیهاندا زۆربەی وڵاتانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.''
بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بە هاوئاهەنگیی وەزارەتەکەی لەگەڵ دەزگای روانگە کرد و گوتی، ''کاتێک پێشنیازی هاوکارییان بە ئێمە کرد، بەتایبەتی لەسەر گۆڕانەکانی کەشوهەوا، بێگومان جیدیبوونێکی زۆر گەورەم لە نیازی ئەم دەزگایەدا بینی بۆ ئەوەی بتوانێت کارێکی گەورەی لەم شێوەیە ئەنجام بدات.''
وەزیری کشتوکاڵ جەختی لەوە کردەوە، ئەم 20 هەزار دار زەیتوونە بە کوالێتییەکی ''زۆر باش'' و بە تەکنیکی نوێی کشتوکاڵی چێنراون. ''لەمەودوا دەبێت پێکەوە هاریکار بین بۆ پاراستنیان، بۆ ئەوەی بکەونە سەر بەرهەم.''
بێگەرد تاڵەبانی سوپاسی وەزارەتی کشتوکاڵی ئاراستەی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی کرد و گوتی، ''ئەوەی کە وامان لێدەکات هاوکارییەکانمان لەگەڵ دەزگای روانگە بۆ ئاستێکی دیکە ببەین، جیدیبوونی خۆیانە لە کارەکاندا.''
وەک وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی دەڵێت، پلانیان هەیە ''بۆ زیادکردنی رووبەری چاندنی زەیتوون لە هەرێمی کوردستان، راهێنانی جووتیاران و رووپێویکردنی باخەکانی زەیتوون'' دەست بە کاری هاوبەش لەگەڵ وڵاتی ئیتاڵیاش بکەن.
بەگوتەی بێگەرد تاڵەبانی مەبەستیان لە کاری هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتووی وەکو ئیتاڵیا ئەوەیە کە ''نەریتی سەوزکردنی رووبەرەکان بگۆڕین، تەنیا چاندنی دارەکان بۆ دابینکردنی ئۆکسجین و کەمکردنەوەی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن نەبێت، بەڵکو دەمانەوێت پەرە بەو دارانە بدەین کە سوودی ئابوورییان هەیە و دەتوانن لە قۆناخی وشکەساڵیدا بەرگەی کەمئاوی بگرن.''
وەزیری کشتوکاڵ بە گرنگی دەزانێت کە پڕۆژەیەکی دیکە بۆ ئیدارەدانی ئەم 20 هەزار دار زەیتوونە ئامادە بکرێت، ''بۆ ئەوەی لە داهاتووشدا بتوانین بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەتدا، کارگەیەکی گەورەی زەیتی زەیتوون دابمەزرێنین کە من پێموایە دەیان هەلیکار دەڕەخسێنێت.''
پڕۆژەکەی کەسنەزان بەشێکە لە هەڵمەتێکی بەرفراوان کە بە ناونیشانی "کوردستانی سەوز" بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2020ـەوە دەستیپێکراوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 هەزار دار چێنراون.