سامانی ماسی: نەخۆشیی کەڕووی ماسی بڵاوبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "ھەموو ساڵێک لەم کاتانەدا نەخۆشیی کەڕوو لە نێو ماسیدا بڵاو دەبێتەوە، بەوھۆیەوە لە تەقتەق چەندین ماسی مردار بوون."
رۆژی یەکشەممە، 25ـی ئایاری 2025، بێستوون نەجمەدین بە تۆڕی میدیایی راگەیاند: "ساڵانە ئەم کاتانە بەشێک لە نەخۆشییەکانی ماسی سەرهەڵدەدەن، نەخۆشیی کەڕوو یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکان کە بەھۆی نەگۆڕینی ئاوی حەوزی ماسی، خراپ ئیدارەدان، خراپی کوالێتیی عەلەف و دابیننەکردنی ئۆکسجین بۆ ماسییەکان دروستدەبێت، ھەروەھا پشکنین بۆ ماسییەکان ناکرێت کە پێویستە ھەفتەی جارێک بکرێت."
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "بەرهەمهێنەرانی ماسی کەمتەرخەمن و تاوەکو ماسییەکان سەر ئاو نەکەون هەستی پێناکەن، ئەگەر بەردەوام پشکنین بۆ ماسییەکان بکەن ئەوە زوو لەم نەخۆشییە ئاگادار دەبن و دەتوانن چارەسەری بکەن."
زۆرترین بەرهەمی ماسی لە ھەرێمی کوردستان لە سنووری تەقتەقە لە پارێزگای ھەولێر. بە گوتەی بێستوون نەجمەدین، نەخۆشییەکە زوو دەگوازرێتەوە ئێستا لە تەقتەق هەستی پێکراوە و چەندین ماسی لەناوبردوە. باسی لەوە کرد: "پێویستە خاوەن پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی ماسی ئاگادار بن و ئەم ماوەیە بەردەوام پشکنین بۆ ماسییەکان بکەن."
لە تەواوی ھەرێمی کوردستان 420 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ماسی ھەن کە مۆڵەتی فەرمییان ھەیە و بەرهەمی ساڵانەیان 4,700 تۆنە، تەنیا لە تەقتەق نزیکەی 1,500 حەوزی ماسی ھەن و بەرھەمەکەی مانگەکانی 10، 11 و 12 پێدەگات.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ، ھەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە نزیکەی 80,000 تۆن ماسییە، زۆرینەی بەرهەمی نێوخۆییە و ئەوەشی دەمێنێتەوە بە شێوەی زیندوو و بەستوو ھاوردە دەکرێت.