وەزارەتی پەروەردە: هیچ پێوەرێک بۆ ناساندنی یەکەم، دووەم و سێیەمەکان نامێنێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، لەم ساڵەوە بڕیارمان دا بۆ راگەیاندنی ئەنجامەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی ناکەین و بە رێگەی دیجیتاڵی نمرەی قوتابییان رادەگەیێنین.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25-5-2025، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەم ساڵەوە چەند بڕیارێکی گرنگ لە لیژنەی باڵای هەمیشەیی تاقیکردنەوە گشتییەکانەوە دراوە. بۆ راگەیاندنی ئەنجامەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی ناکەین و بە رێگەی دیجیتاڵی نمرەی قوتابییان رادەگەیێنین."
بە گوێرەی وەزارەتەکە، هیچ پێوەرێک لەسەر ئاستی تاک بۆ ناساندنی ئاستەکانی (یەکەم، دووەم و سێیەم) و هیچ پلەبەندییەک رانەگەیێنرێت؛ هاوکات پێویستە سەرجەم پەروەردە گشتییەکان، قەزاکان و قوتابخانەکان پابەندی بڕیارەکە ببن.
لە ساڵی خوێندنی 2024- 2025ـەوە، وەزارەتی پەروەردە هیچ جۆرە رێوڕەسمێکی خەڵاتکردن سازناکات و ئامادەی هیچ بۆنەیەکی لەو شێوەیەش نابن.
لە راگەیێنراوەکەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "هەر کەسێک و کارمەندێکی نێو بازنەی وەزارەتەکە سەرپێچی بکات، ئاستی قوتابی رابگەیێنێت و رێوڕەسم سازبکات، رێکاری پێویستیی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
وەزارەتی پەروەردە، بنەمای هەڵسەنگاندن بۆ شێوازێکی دیکەی زانستیانە دەگۆڕێت و لەم دوو خاڵەی خوارەوە کورتی دەکاتەوە:
1- رێژە و تێکڕای نمرەی دەرچوونی قوتابییانی هەر قوتابخانەیەک پاش راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم، نمرەکان دەبنە پێوەر بۆ دیاریکردنی ئاستی زانستیی قوتابخانەکە؛ هاوکات ئەنجامەکە بۆ پەروەردە گشتییەکان، قەزا و قوتابخانەکان دەنێردرێت.
2- نمرەی پێوانەیی (الدرجة المعیاریة) و تێکڕای ژمێرەیی (متوسط الحسابي) هەر بابەتێک لە بابەتەکانی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە لە پاش تەواوبوونی خولی دووەم دەبێتە بنەمای هەڵسەنگاندنی مامۆستای بابەت.