هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا؛ کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەرەو کەمینە


رووداو دیجیتاڵ

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریادا، کورد نەیتوانی ژمارەی کورسییەکانی بگەیێنێتە نیوەی ئەو ژمارەیەی چاوەڕوان دەکرا بەدەستی بهێنێت. لە 210 کورسیی پەرلەماندا، تەنیا 9 کورسیی مسۆگەر کردووە، لەکاتێکدا چاوەڕوانییەکان لەنێوان 30 بۆ 40 کورسی بوو.

لە کۆی گشتیی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان (لە دێرکەوە تاوەکو عەفرین)، هەشت پەرلەمانتاری کورد و شەش پەرلەمانتاری عەرەب سەرکەوتوون. هەرچەندە بەپێی ئەم ژمارەیە بێت، کورد زۆرینەیە، بەڵام یاسایەک رەنگە هاوکێشەکە سەروژێر بکات و کورد بکاتە کەمینە، ئەویش ئەو مافە یاسایی و دەستوورییەیە کە بە ئەحمەد شەرع دراوە، خۆی 70 پەرلەمانتار لەسەر ئاستی سووریا (بە رۆژئاوای کوردستانەوە) هەڵبژێرێت.
 
دابەشبوونی کورسییەکان بەپێی شارەکان:
 
بەپێی ئەنجامەکان، نوێنەرانی کورد بەسەر شارەکاندا بەم شێوەیە دابەش بوون: لە حەسەکە 1 کورسی، قامشلۆ 2 کورسی، دێرک 1 کورسی، کۆبانی 1 کورسی و لە عەفرینیش کە پێشتر هەڵبژاردن تێیدا بەڕێوەچووبوو، 3 کورسی.
 
حەسەکە (قامشلۆ، سەرێکانی و دێرک)
 
15 کورسی بۆ دانراوە، 10یان بە هەڵبژاردن سەرکەوتوون کە 4 یان کوردن، 5ـەکەی دیکە، راستەوخۆ ئەحمەد شەرع دەستنیشانیان دەکات. کوردە دەرچووەکان، رزوان سیدۆ (پارتی وەکهەڤی)، کیم ئیبراهیم (سەربەخۆ)، فەسڵە یووسف (پارتی یەکێتیی کوردستانی-وەحدە) و ئەحمەد موراد (سەربەخۆ).
 
لە کۆبانی
 
کورد لە 2 کورسی، یەکێکیانی بردووتەوە، فەرهاد شاهین (PDK-S)
 
لە عەفرین
 
کورد 3 کورسیی بردووەتەوە، رەنگین عەبدۆ (سەربەخۆ)، شێخ سەعید زادە (PDK-S) و محەممەد سەیدۆ (PDK-S)
 
لە حەلەب
 
کورد یەک کورسیی مسۆگەر کردووە، محەممەد غەریبۆ (سەربەخۆ لە سنووری تەلعەران)
 
بۆ یەکەمین جار دوای 15 ساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا لە شاری کۆبانی و تەواوی پارێزگەی حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو. ئەم هەڵبژاردنە کە بەشێکە لە پرۆسەی راگوزەریی وڵاتەکە لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024، هەنگاوێکی مێژوویی، بەڵام پڕ لە مشتومڕە بۆ بەشداریکردنی کورد لە حکومەتی نوێی سووریادا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع.
 
پەرلەمانی سووریا لە 210 کورسی پێکدێت، کە 140 کورسییان لە رێگەی دەنگدانەوەیە و 70 کورسییەکەی دیکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن سەرۆکایەتیی سووریاوە دەستنیشان دەکرێن، چاوەڕوان دەکرێت دوای راگەیاندنی تەواوی ناوەکان، ژمارەی کورد لە ناو ئەندامە دەستنیشانکراوەکانیشدا هەبێت.
 
بۆچی تەنیا ژمارەیەکی کەم مافی دەنگدانیان هەبوو؟
 
ئەم پرۆسەیە دوای چەندین مانگ لە دانوستاندن و رێککەوتنێکی کاتی دێت لەنێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە کانوونی دووەمی 2026. ئەم رێککەوتنە رێگەی خۆشکرد ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا بکەن.
 
پێشتر لە 5ـی تشرینی یەکەمی 2025 هەڵبژاردن لە زۆربەی ناوچەکانی سووریا کرابوو، بەڵام لە حەسەکە، رەققە و سوەیدا بەهۆی دۆخی ئەمنی و نەبوونی کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندییەوە دواخرابوو. ئەوەی جێگەی سەرنجە، هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی سووریا کە لە 210 کورسی پێکدێت، لەلایەن خەڵکەوە بەڕاستەوخۆ نەکراوە، بەڵکو لەلایەن ژمارەیەکی کەم لە کەسایەتی و "پیاوماقووڵان"ـەوە دەنگیان بۆ دراوە کە پێیاندەگوترێت دەستەی دەنگدەران. سێیەکی دیکەی پەرلەمانتاران لە لایەن شەرعەوە دیاری دەکرێن.
 
ئەنەس عەبدە، ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی سووریا باسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردەکەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "لە کۆبانی لە کورد ئەندامی پەرلەمان هەن، لە عەفرینیش هەن. راستە حەسەکە تایبەتمەندیی کوردیی هەیە، بەڵام لە شوێنەکانی دیکەش کورد سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە."
 
بۆچی کورد نەیتوانی کورسیی چاوەڕوانکراو بباتەوە؟
 
لە هەڵبژاردنەکەدا، پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD) کە دەسەڵاتەکەی (رێڤەبەری خۆسەر)ـە لە رۆژئاوای کوردستان، بەشداری نەکرد.
 
پێشتر، پەروین یوسف، هاوسەرۆکی پەیەدە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو، پەیەدە بڕیاریداوە بە شێوەیەکی فەرمی لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری ناکات.
 
پەروین یووسف، ئاماژەی بە مافی نوێنەرایەتیکردنی کورد لە سووریادا کرد و گوتی: "کورد نزیکەی 20٪ی کۆی دانیشتووانی سووریا پێکدەهێنێت و، دەبێت لانیکەم 40 کورسی لە پەرلەمانی سووریا بۆ کورد تەرخان بکرێت."
 
رەخنە و گلەیییەکان
 
ئەم شێوازی هەڵبژاردنە رەخنەی زۆری لێکەوتەوە و بە "نادیموکراسی" وەسف کرا. مستەفا عەتێ، بەربژێری بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان رایگەیاند کە پرۆسەکە "سەیر و نائاسایی" بوو، چونکە دەنگدەر و بەربژێر یەکدییان نەدەناسی. ئەو گوتی: "چۆن دەنگ بە کەسێک دەدەیت کە نایناسیت؟ هیوادارم بچمە پەرلەمان و وەک لەیلا زانا بە کوردی سوێند بخۆم، جلی کوردی بپۆشم و ئاڵای کوردستان بەرز بکەمەوە."
 
نەسرەت کێتکانی، بەربژێری سەربەخۆش نیگەران بوو لەوەی کە خەڵک بەشدارییان نەکردووە و گوتی: "ئاواتەخواز بووین هەموو خەڵک بەشداری بکات بۆ ئەوەی نوێنەرایەتییەکی 100٪ دروست هەبێت."
 
بڕیارێکی حکومەتی نوێ
 
ئەم هەڵبژاردنە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئەحمەد شەرع، بڕیارێکی مێژوویی دەرکرد و رایگەیاند، کورد بەشێکی رەسەنی سووریایە. بەپێی بڕیارەکە، مافی زمان و کولتوور بە کورد دراوە، یاسای جیاکاریی سەرژمێریی ساڵی 1962 هەڵوەشێندراوەتەوە و وەڵاتینامەی سووری بەو کوردانە دەدرێت کە پێشتر لێیان سەندرابووەوە.
 
هەرچەندە ئەم هەڵبژاردنانە بۆشاییەکانی پەرلەمانی کاتیی سووریا پڕدەکەنەوە بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ، بەڵام کێشەی گەورە هێشتا ماون؛ وەک راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان دەسەڵاتی ناوەندی و مافی پێکهاتەکان و گێڕانەوەی متمانە بۆ پرۆسەیەکی سیاسی کە هێشتا بەتەواوی نوێنەرایەتیی هەموو دەنگەکان ناکات.