ئەو کەسانەی زەوییان بەر پشتێنەی سەوزایی هەولێر کەوتووە بە زەوی نیشتەجێبوون قەرەبوو دەکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێ، ئەو خاوەن زەوییانەی زەوییەکانیان کەوتووەتەبەر پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی، سەردانیان بکەن بۆ وەرگرتنی قەرەبوو.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو ئەوانەی زەوییان بەر قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی کەوتووە، دەتوانن سەردانمان بکەن و قەرەبووی زەوییەکەیان وەربگرن".
لەبارەی جۆری قەرەبووکەوە بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر گوتی: "هەموویان بە زەوی نیشتەجێبوون قەرەبوو دەکرێنەوە".
قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە لە پشت شەقامی 150 مەتری و لەنێوان رێگەی پیرمام و بەحرکەیە. هێمن سەید موراد گوتی: "قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە تەواو بووە؛ بۆیە قەرەبوو دەستپێدەکات".
بەگوتەی هێمن سەید موراد، "لە قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێردا زیاتر لە 500 هەزار نەمام روێندران".
ئامادەکارییەکان بۆ قۆناخی دووەمی پڕۆژەکە لە تەواوبووندان، کە کۆی پڕۆژەکە هەشت قۆناخ دەبێ بە دەوری هەولێردا.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، 30-10-2025 بەردی بناخەی پشتێنەی سەوزی هەولێری دانا و رایگەیاند، بە تەواوبوونی "پشتێنەی سەوز و رێڕەوی ژیان"، قۆناخێکی دیکە لە هەولێر دەستپێدەکات و دەبێتە یەکێک لە شارە هەرە گرنگەکانی ناوچەکە.