بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر مۆڵ دەیان دووکان زیانیان بەرکەوت
رووداو دیجیتاڵ
بازاڕی هەولێر مۆڵ کە دەکەوێتەسەر شەقامی 30 مەتریی لە شاری هەولێر، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگری گرت و بەهۆیەوە دەیان دووکان زیانیان پێگەیشتووە. هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش تاوەکو ئێستا نازانرێت چییە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ئاگرەکە نزیک کاژێر 05:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 25-06-2021 کەوتووەتەوە و لە رووداوەکەدا دەیان دووکان بەتەواوی سووتاون و بەشێک لە دووکانەکانی دیکەش زیانیان پێگەیشتووە.
خاوەن دووکانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاوەکو ئێستا ئەمە سێیەم جارە ئەو مۆڵە ئاگر دەگرێت، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان داواکاریی ئەوانیان بۆ دانانی سیستەمی ئاگرکوژێنەوە پشتگوێخستووە.
خاوەن دووکانێک دەڵێت، لەکاتی کەوتنەوەی ئاگرەکەدا هیچ سیستەمێکی ئاگرکوژێنەوە لە هەولێر مۆڵ کارا نەبووە، "لە هەشت بووتڵی ئاگرکوژێنەوە کە لەناو مۆڵەکەدا بوون، تەنیا شەش دانەیان کاری پێکراوە".
یەکێکی دیکە لە خاوەن دووکانەکانی هەولێر مۆڵ ئاماژەی بەوە کرد "لەکاتی کەوتنەوەی ئاگرەکە تەنیا یەک کارمەندی سیکیوریتی لەناو مۆڵەکەدا بووە، لەکاتێکدا ئەوان مانگانە لە بەرامبەر خزمەتگوزاری 70 دۆلار دەدەنە خاوەن مۆڵەکە".
دووکاندارێک بە گریانەوە قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کرد و لەکاتی بەرزکردنەوەی کلیلی دووکانەکەی لەبەردەم چاوی کامێرای رووداو، گوتی "لە منداڵییەوە کار دەکەین و بووینە خاوەنی ئەوە".
سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت "تەنیا پێنج دووکان بەتەواوی سووتاون" و بەشێک لە دووکانەکانی دیکەش زیانیان بەرکەوتووە، کە نزیکەی 20 دووکان دەبێت.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ناتوانێت هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە ئاشکرابکات، چونکە ئێستا لێکۆڵینەوە لەوە دەکرێت. ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، لە کامێراکانی چاودێرییەوە سەیری دووکانەکانیان کردووە بەمەبەستی دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە.
ـ
تیمەکانی بەرگریی شارستانی لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگری هەولێر مۆڵ
— Rudaw (@Rudawkurdish) June 25, 2021
وێنەکان؛ بەرگریی شارستانیی هەولێر pic.twitter.com/haroqaa8c1