ئایدن مەعروف: بەرپرسانی ئەمنی عێراق رێگرییان لێکردم بچمە خورماتوو

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان رایگەیاند، ئەمڕۆ لەلایەن بەرپرسانی ئەمنی عێراقییەوە لە بازگەی کەرکووک رێگریی لە چوونی بۆ خورماتوو کراوە، "لە کاتێکدا سەردانکردنم بۆ ئەو شارە تەنیا بەمەبەستی بەشداریکردن بوو لە رێوڕەسمی ساڵیادی شەھیدکردنی سەرکردەی تورکمانی عەلی ھاشم موختارئۆغڵو."
 
رۆژی شەممە 25-6-2022، ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئەوە پێشهاتێکی خراپە هەموو هاووڵاتییەک مافی خۆیەتی بچێتە هەر شارێکی عێراق و نابێ رێگریی لە کەس بکرێت."
 
گوتیشی: "دەمویست سەردانی خورماتوو بکەم بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی ساڵیادی شەھیدکردنی سەرکردەی تورکمانی عەلی ھاشم موختارئۆغڵو، بەڵام بەرپرسانی ئەمنی عێراقی لە بازگەی کەرکووک 30 خولەک رایانگرتم و داوایان کرد موڵەتی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانم پێ بێت و رێگرییان کرد لە چوونە ناوەوەم بۆ شارەکە، لە کاتێکدا سەردانکردنم تەنیا بۆ ھاوخەمی و دڵنەوایی خانەوادە و خەڵکی شارەکە بووە." 
 
ئایدن مەعرووف ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو ھەڵوێستە نەشیاو و نادیموکراسییە شەرمەزار دەکەین و ھیوادارین لایەنی پەیوەندیدار لەبارەی ئەو رووداوەوە بەدەنگ بێت و ھەرچی زووە رێکاری یاسایی بەرامبەر بە بکەرانی رووداوەکە بگیرێتەبەر."