ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتەوە کە سەرچاوەی ئاوی 100 هەزار کەسە لە قەڵادزێ
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین دەڵێت، ئەمڕۆ جارێکی دیکە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە، کە سەرچاوەی ئاوی نزیکەی 100 هەزار کەسە.
رۆژی یەکشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2023، سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: لە ئەمڕۆوە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە و بەنداوی لەسەر ئاوەکە دروستکردووە؛ ئەمساڵ شەشەمین ساڵە لە سەرەتای هاوینەوە سەرچاوەی ئاوەکە دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین ئاماژەی بەوەکرد، چارەسەری دۆخەکە بە دروستکردنی بەنداوێک دەبێت و گوتی: "بڕیاربوو بەنداوی دەگەڵە دروستبکرێت، کە چارەسەری کەمئاوی لە تەواوی ئیدارەی راپەڕین و سلێمانیش دەکرد، بەڵام تائێستا هەر بڕیارە و جێبەجێ نەکراوە، چونکە بودجەیەکی زۆری دەوێت".
ئاوی زێی بچووک جگە لەوەی سەرچاوەی ئاوی دانیشتووانی قەڵادزێیە، هاوکات دەڕژێتە بەنداوی دووکان و بەشێکی کۆیە و تەقتەقیش سوود لە هەمان ئاو وەردەگرن.
ساڵی رابردوو بە هەماونشێوە، رۆژی 25ـی ئاب، ئێران سەرچاوەی ئاوی زێی بچووکی گرتەوە.