لە کرماشان لەسەر نرخی گێلاس سێ کەس کوژران


رووداو دیجیتاڵ

لە شارۆچکەی سەحنەی پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی دەمەقاڵێ لەسەر نرخی گێلاس، لەنێوان دوو ماڵباتدا بووە شەڕ و سێ ئەندامی خێزانێک دەکوژرێن. پۆلیس دەڵێت: بکوژەکە رایکردووە و تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2023، لە شارۆچکەی سەحنەی پارێزگای کرماشان دوو ماڵبات کە هەردووکیان باخداربوون، لەسەر نرخی گێلاس لێیان دەبێت بە دەمەقاڵێ و دواتر شەڕ لە نێوانیاندا روودەدات.
 
غوڵامڕەزا شەهبازی، قایمقامی سەحنە بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاند؛ ئەو دوو ماڵباتە پێشتریش کێشە لە نێوانیان هەبووە، ئەمڕۆ بە بیانووی ئەوەی یەک لە خێزانەکان بەرهەمی باخەکەی کە گێلاس بووە، بە هەرزان فرۆشتووە، لێیان بووە بە دەمەقاڵێ و پێکهەڵپڕژاون، بەڵام دراوسێکان نێوبژیوانییان کردوون و شەڕەکە کۆتاییهاتووە.
 
بە گوتەی غوڵامڕەزا شەهبازی؛ دوای چەند کاژێرێک، ئەندامی یەک لە خێزانەکان بە تاپڕ دەچێتە سەر خێزانەکەی دیکە و تەقەیان لێدەکات و سێ ئەندامی ئەو خێزانە کە دوویان برا بوون، دەکوژێت و بە ئۆتۆمبێلێکی بێ تابلۆ رادەکات.
 
قایمقامی سەحنە دەڵێت، هەرسی کوژراوەکە گەنجن و دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە. وەکو ئاماژەشی پێدەدات؛ بکوژەکە بە ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتا لەگەڵ کەسێکی دیکە رایکردووە و ئێستا هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی دەستگیری بکەن.