ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پرسی مووچە تاوتوێ دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران، تاوتوێ دەکات.
 
بڕیارە کاژێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی بکات.
 
ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاندووە لە بڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبوونەوەکە، "بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆران تاوتوێ دەکرێت، كە بۆ ماوەی دوو مانگە بە بڕیارێكی نادەستووریی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، خەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی کوردستان راگیراوە و دواهەوڵەكانی چارەسەری ئەم بابەتە دەخرێتەڕوو."
 
رۆژی 28ى ئایاری 2025، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو کە ناتوانێت لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بەهۆی تێپەڕاندنی پشکەکەی لە یاسای بودجە دا.
 
لە بڕگەی دووەمدا، راپۆرتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی، سەبارەت بە خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان و پێشكەشكردنی ئامار و زانیاریی بەرەوپێشچوونەكان گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت.