كۆمیسیۆن 6 مانگ مۆڵەت دەداتە گۆڕان
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ بەستنی کۆنگرە 6 مانگ مۆڵەت دەداتە بزووتنەوەی گۆڕان.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی 24ی ئەم مانگە کۆبووەوە و بڕیاری دا 6 مانگ مۆڵەت بدرێتە بزووتنەوەی گۆڕان، تاوەکو کۆنگرەی گشتیی حیزبەکە ببەستێت.
بڕیارەکە لە رۆژی دەرچوونیەوە دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە. بەگوێرەی بڕیارەکە، دوای تەواوبوونی رێژەی یاسایی لە کۆی گشتیی ئامادەبووان، بڕیارەکانی کۆنگرەکە بە زۆرینەی رەهای ئامادەبووان پەسند دەکرێت.
بزووتنەوەی گۆڕان بووەتە دوو ئاراستە، یەکێکیان بە گۆڕانی گردی زەرگەتە و ئەوی دیکە بە گۆڕانی کوردسات دەناسرێت. هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان، ناکۆکییان لەسەر دەستووری بزووتنەوەکە هەیە؛ لە گردەکە دەڵێن، بەپێی دەستوورەکەیان نابێت لە کۆنفرانس رێکخەر هەڵبژێردرێت، ئاراستەکەی دیکەش دەڵێن، مەرجی کۆمیسیۆنە رێکخەر هەڵبژێردرێت.
دواجار و دوای دوو کۆنفرانسی جیای دوو باڵی گۆڕان، 24ی ئایاری 2025 لە شاری سلێمانی کاژێر 08:00ی بەیانی دەرگای چوونەژوورەوە بۆ کۆنفرانسی بزووتنەوەکە بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرایەوە، بەڵام بەهۆی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو باڵەکە، کۆنفرانسەکە دواخرا.