فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر یەکەمی عێراقە

رووداو - بەغدا
 
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا زۆرترین گەشتی ئاسمانی تێدا ئەنجامدراوە.


عەدنان جبوری، راوێژکاری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بەگوێرەی ئامارێک کە بۆ هەرسێ فڕۆکەخانەی هەولێر و بەغدا و نەجەف کردوویانە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە رووی ژمارەی گەشت و گەشتیارانەوە یەکەم بووە.

گوتیشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەی هەولێر لە حوزەیراندا 2 هەزار و 340 گەشتی هەبووە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداش 1769 گەشت و فڕۆکەخانەی نەجەفیش 1458گەشتی هەبووە. 

سەبارەت بە ژمارەی گەشتیارانیش وەکو لە ئامارەکەی وەزارەتی گواستنەوەدا دەردەکەوێت،207 هەزار و 446 گەشتیار لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەشتیان کردووە، بەڵام 186 هەزار و 958 گەشتیار لە رێگەی فڕۆکەخانەی بەغداوە گەشتیان کردووە. هەرچی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەفە تەنیا 167هەزار گەشتیاری بەخۆوە بینیوە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق هۆکاری پێشکەوتنەکەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێری بۆ بەرقەراری رەوشی ئەمنی و پێشکەوتنی ئابووری هەرێمی کوردستان و هاتنی وەرزی گەشتوگوزار گەڕاندەوە.