نێچیرڤان بارزانی هیوادارە کێشەی کاردیناڵ لویس ساکۆ "بە زووترین کات" چارەسەر بکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە کاردیناڵ لویس ساکۆ کرد و هیوای خواست سه‌رۆکكۆمارى عێراق "به‌ ‏زووترين كات" كێشه‌کەی لویس ساکۆ چاره‌سه‌ر بكات.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، پێشنيوه‌ڕۆ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، 2023/7/25 "نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ كاردینال لویس ساكۆ، پاتریارك و سەرۆكی ‏كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری كرد.‏"
 
رۆژی 3-7-2023، مەرسوومی ژمارە (31)ی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە و تێیدا بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013ی راگەیاند و تێیدا پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ سەندرایەوە.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، له‌ ديدارێكدا دەربارەی كشاندنه‌وه‌ى فه‌رمانى سه‌رۆكايه‌تيى كۆمارى عێراقى تايبه‌ت ‏به‌ كه‌نيسه‌ى كلدانى، نێچيرڤان بارزانى "دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ گرنگه‌ عێراق به‌ ‏هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ به‌ خێمه‌يه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ى هه‌موو پێكهاته‌ ئايينى و ‏نه‌ته‌وه‌ييه‌كان بمێنێته‌وه‌ و هيواى خواست سه‌رۆکكۆمارى عێراقى فيدراڵ به‌ ‏زووترين كات ئه‌و كێشه‌يه‌ چاره‌سه‌ر بكات.‏" 
 
هاوکات، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێكه‌وه‌ژيان و ‏يه‌كترقبووڵكردن، بڕوا و پره‌نسيپه‌ و جوانيى عێراق له‌وه‌دايه‌ نيشتمانى هه‌موو ‏پێكهاته‌كان بێت و تيايدا مافى هه‌مووان پارێزراو بێت.‏
 
لاى خۆيه‌وه‌، بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، كاردينال ساكۆ سوپاس و پێزانينى بۆ پشتيوانيى ‏نێچيرڤان بارزانى ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان سه‌رزه‌مينى ‏پێكه‌وه‌ژ‌يان و يه‌كترقبووڵكردنه‌ و شانازى پێوه‌ ده‌كه‌ن‌. ‌ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ ئه‌و ‏كێشه‌يه‌ "هه‌رگيز رێگه‌ له‌ كار و ئه‌ركه‌كانى ناگرێت و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ‏پارێزگاريكردن له‌ عێراق و پێكه‌وه‌ژيان.‏"
 
دۆخى ده‌شتى نه‌ينه‌وا و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى په‌يوه‌ست به‌ دۆخى كه‌نيسه‌ و ‏مه‌سيحييه‌كان به‌گشتى، لايه‌نێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو كه‌ وه‌زيرى ئه‌وقاف و ‏كاروبارى ئايينیی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌ى بوو.‏