ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان: لەیەکتێگەیشتنى گشتی هەیە بۆ هەستانەوەمان


رووداو دیجیتاڵ

14 ساڵ بەسەر دامەزراندنى بزووتنەوەى گۆڕاندا تێدەپەڕێت، بەڵام دوای ئەو هەموو ساڵە لە دامەزراندنی، رەنگە ژمارەى ئەو لایەنگرانەى لە گۆڕان رازین بەقەد ئەوانەیان بێت کە گلەییان لێى هەیە.
 
کاردۆ محەممەد، ئەندامى جڤاتى نیشتمانیى بزووتنەوەى گۆڕان بە رووداوی گوت، "ئێمە تاقى کراینەوە، بەڵام گەورەترین ئۆپۆزیسیۆن بووین و بەرگریمان لە خەڵک کرد و گەنجمان هێنایە پێشەوە، ئێستاش گەشبینین، چونکە لەیەکتێگەیشتنى گشتی هەیە بۆ هەستانەوەمان. لە هەمان کاتدا رەشبینین، چونکە ئاستەنگمان هەیە."
 
لە 14 ساڵى رابردوودا، بزووتنەوەى گۆڕان تەنیا یەک کۆنگرە یان کۆنفرانسى خۆڕێکخستنەوەى بەستووە، بەڵام دەبوو پێش هەڵبژاردنى ئەمجارە، گۆڕان کۆنفرانسى چوارەمى ببەستایە، ئەوە یەکێکە لەو رەخنانەی کە ئاراستەی بزووتنەوەکە دەکرێت.
 
نزار محەممەد، ئەندامى لیژنەى ئاشتەوایی بزووتنەوەى گۆڕان دەڵێت، "ئێمە زووتر دەمانتوانى کۆنفرانس ببەستین، بەڵام چاوەڕێى ئەو کەسانەین کە دەتوانن کارمان لەگەڵ بکەن و ماوەیەکە نیگەرانن، چونکە بەبێ ئەوان کۆنفرانس ببەستینن وەکو ئەوە وایە دەرگەیان بە روودا دابخەین."
 
دواى کۆچى دوایى نەوشیروان مستەفا، زیاتر لە 100 کەسایەتى و خاوەن پۆست و پلە، لە ئۆرگانەکانى خانەى راپەڕاندن، جڤاتى نیشتمانى و گشتى، ژوورەکان و مەکۆکان، وەزیر و پەرلەمانتارانى پێشوو، لە گردەکە تۆراون. هەرچەندە بەشێک لەوانە هێشتا نەوشیروان مستەفا و بەرنامەى گۆڕانیان خۆشدەوێت، بەڵام هێشتا بەشێکیان بۆ ساڵیادەکانى گۆڕان و مەرگى نەوشیروان مستەفاش ناچنەوە گردى زەرگەتە.