بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری: منداڵێک بە مادەیەک سووتاوە کە جارێ روون نییە چی مادەیەکە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری دەڵێت، منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ لە بەردەم ماڵیان لە ناحیەکە سووتاوە، بەڵام نازانن بە چ مادەیەک سووتاوە.
 
رۆژی سێشەممە، 25ـی تەممووزی 2023، رابەر ساڵح شێرۆ، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو منداڵەی دەگوترێت بە تێزاب سووتێنراوە بەو جۆرە نییە. منداڵەکە باوک و دایکی لەماڵ نەبوون و لای داپیری بووە؛ چووەتە بەر دەرگە و ئەو رووداوەی بەسەردا هاتووە کە دیار نییە فاس بووە یان رۆن ستۆپی ئۆتۆمبێل یان تێزاب".
 
منداڵەکە 36%ـی جەستەی سووتاوە و لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر لەژێر چاودێریی پزیشکدایە. بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری گوتی، تاوەکو ئێستا پزیشکیش بۆی روون نەبووەتەوە کە بە چی مادەیەک سووتاوە. گوتیشی، "منداڵەکە هەناویشی سووتاوە، هەروەها شان و ملی سووتاوە؛ بۆیە پێدەچێت مادەکەی خواردبێتەوە نەوەکو ئەوەی کەسێک پێی دابێت، بەتایبەت کاتێک دەزانین منداڵەکە لە خێزانێکن کێشەیان لەگەڵ کەس نییە و تەمەنیشی تەنیا دوو ساڵە".
 
منداڵەکە ناوی نوور عەباس عەبدوڵڵایە؛ باوکی کاری بەستنی بۆری دەکات. بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری گوتی، باوکی منداڵەکە گومانی لە کەس نییە بۆیە تاوەکو ئێستا سکاڵای لەسەر کەس تۆمار نەکردووە.