ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو: سووتانی ئۆتۆمبێلەکەی چەمچەماڵ بەهۆی هێرشی درۆنییەوە نەبووە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلەی ئەمڕۆ لە سنووری چەمچەماڵ سووتا، بەهۆی هێرشی درۆنییەوە نەبووە. قایمقامی چەمچەماڵیش دەڵێت، شۆفێرەکە سەلامەتە و دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، نەخۆشخانەی جێهێشتووە.
دوای لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ رووداوی سووتانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان رۆگ لە دەروازەی ناحیەی تەکیەی کاکەمەند سەر بە قەزای چەمچەماڵ، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و قایمقامی چەمچەماڵ، زانیاری و ناسنامەی شۆفێرەکەش بۆ رووداو ئاشکرا دەکەن.
عەقید سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، " دوای پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، دەرکەوت هۆکاری گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکە تەقینەوەی تانکی سووتەمەنییەکەی بووە و دوور و نزیک پەیوەندی بە هێرشی درۆنییەوە نییە و تەنیا شۆفێرەکە و فرۆشیارێکی نزیک لە شوێنی رووداوەکە برینداربوون و دۆخی تەندرووستییان باشە."
رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ ناسنامەی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەی بۆ رووداو ئاشکرا کرد و گوتی، شۆفێرەکە ناوی سادق فەیزوڵڵا عەلییە، لەدایکبووی ساڵی 1984ـە و خەڵکی ناحیەی حاجیاوای سنووری ئیدارەی راپەڕینە. گوتیشی، ماڵیان لە گەڕەکی ماکۆکە و لە رووداوەکەدا دەم و چاوی و بەشێک لە جەستەی سووتاوە و دوای چارەسەری سەرەتایی، نەخۆشخانەی چەمچەماڵی جێهێشتووە.
لەبارەی برینداری دووەم، رەمک رەمەزان گوتی، ناوی عەبدوڵڵا ئەحمەدە و برینەکەی سووک بووە و رەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە.