11 ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئێزدییەکان تێدەپەڕێت؛ 'نیوەیان هێشتا ئاوارەن'

رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ نزیکبوونەوەی یازدەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا، ژمارەیەک کەسایەتی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێزدی و جێگری بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و سیاسەت لە کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ کاروباری ئازادیی ئایینی لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا هۆشداری دەدەن لەوەی کە دوای زیاتر لە دەیەیەک، هێشتا کۆمەڵگەی ئێزدی رووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە دەبێتەوە و داوای هەنگاوی کرداریی زیاتر بۆ دابینکردنی دادپەروەری و پاراستنیان دەکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە 24ـی تەممووزی 2025، دەستپێشخەریی عێراقی ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیک، بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی ئێزیدیی ئازاد، بۆنەیەکیان بۆ بەرزڕاگرتنی یازدەهەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان رێکخست. 
 
لە گفتوگۆکەدا تیشک خرایە سەر ئەو کارانەی کە هێشتا پێویستە بکرێن بۆ پشتیوانیکردنی بووژانەوەی کۆمەڵگەی ئێزدی، لەدوای ئەو تاوانانەی کە لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە کران.
 
"دادپەروەرییەکی ونبوو و لێبووردن بۆ تاوانباران"
 
بەشداربووانی گفتوگۆکە جەختیان لەوە کردەوە یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکان، نەبوونی دادپەروەرییە بۆ قوربانییان.
 
موراد ئیسماعیل، سەرۆک و هاودامەزرێنەری ئەکادیمیای شنگال، رایگەیاند، "12 هەزار کەس کوژران یان بە کۆیلەکران، بەڵام کەمتر لە 10 کەیسی دادگە لەسەر ئاستی وڵاتان و نێودەوڵەتی لەو بارەیەوە بەڕێوەنەبراون."
 
ئیسماعیل دەڵێت، هیوایان بە تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیتاد) هەبوو، "بەڵام حکومەتی عێراق هەڵیوەشاندەوە." هاوکات، رەخنەی لە حکومەتی عێراق گرت بەهۆی دەرکردنی لێبووردن بۆ ئەندامانی داعش و گوتی، "نازانم چەندیان ئازادکراون، بەڵام حکومەتی عێراق نیازی ئازادکردنی 13 هەزاریانی هەیە بەبێ ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت."
 
پەری ئیبراهیم، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی ئێزدی ئازاد گوتی، "نەک تەنیا لە عێراق و سووریا، بەڵکو لە وڵاتانی ئەورووپا، وەک سوێد و ئەڵمانیا، لێرەش لە ئەمریکا، خەڵک هەیە بەشداربووە لە جینۆساید و کڕین و فرۆشتنی ئێزدییەکان، بەڵام ئێستا بە ئازادی دەسووڕێنەوە."

 

 
"نیوەی ئێزدییەکان هێشتا ئاوارەن و 2600 کەس بێسەروشوێنن"

 

دۆخی مرۆیی ئێزدییەکان و چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکە بوو. موراد ئیسماعیل گوتی، "زیاتر لە نیوەی ئاوارە ئێزیدییەکان هێشتا لە کەمپەکاندا دەژین و دۆخی ئەو کەمپانەش باش نییە. نزیکەی ساڵێکیشە گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارانە بۆ ناوچەکانیان وەستاوە."
 
پەری ئیبراهیم هۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی بۆ "نەبوونی متمانە بە حکومەتی عێراق" گەڕاندەوە بۆ دابینکردنی ئاسایش، هەروەها گوتی، "ژمارەیەکی زۆر میلیشیا لە شنگال هەن کە دۆخەکەیان بۆ خەڵک قورس کردووە، جگە لەوەی خزمەتگوزاریی سەرەتایی، لەوانە ئاو نییە."
 
سەبارەت بە بێسەروشوێنکراوان، پەری ئیبراهیم ئاشکرای کرد کە "2600 منداڵ و ژن هێشتا بێسەروشۆێنن" و داوای کرد پرۆسەیەکی کاریگەر بۆ ناسینەوەیان لە رێگەی پشکنینی DNA و دروستکردنی داتابەیس و هەبوونی میکانیزمێک بۆ پشتیوانیکردنیان دوای دۆزینەوەیان هەبێت.
 
"ناوچە ئێزدینشینەکان بوونەتە گۆڕەپانی ململانێ"
 
موراد ئیسماعیل هۆشداریی دا لەوەی کە ناوچەکانیان بوونەتە شوێنی ململانێی هێزە ناوخۆیی و هەرێمییەکان و گوتی، "ناوچە ئێزدینشینەکان بوونەتە ناوچەی گرژی لەسەر ئاستی ناوخۆیی نێوان کورد و حکومەتی عێراق، لەسەر ئاستی هەرێمی لەنێوان تورکیا و ئێران، ئێستا سووریاش هاتووەتە نێو هاوکێشەکەوە."
 
ئەو کەسایەتییە ئێزدییە باسی لە پەراوێزخستنی سیاسیی پێکهاتەکەی کردەوە و رایگەیاند، "عێراق وڵاتێکی شیعە، سوننە و کوردە؛ وڵاتێکی کریستیان یان ئێزدییەکان نییە. پێشتر کورسییەکمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەبوو، بەڵام ئێستا لەلایەن هێزە میلیشیاکانەوە کۆنترۆڵکراوە."
 
کۆمیسیۆنی ئەمریکی: "دۆخی ئێزدییەکان نەگۆڕاوە"
 
کورت ورسمولەر، جێگری بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە لە کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ کاروباری ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی گوتی، "بۆ ئەوانەی لە کەمپەکانن، بۆ ئەو خێزانانەی بەدوای ئەندامە بێسەروشوێنبووەکانیاندا دەگەڕێن و بۆ ئەوانەی ناتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، جیهان نەگۆڕاوە."
 
ورسمولەر کۆمەڵێک پێشنیازی بۆ پاراستنی ئێزدییەکان و کەمینەکان لە عێراق و سووریا بۆ حکومەتی ئەمریکا خستەڕوو، لەوانە: دروستکردنی دامەزراوە بۆ پاراستنی کەمینەکان، چاودێریکردنی حەشدی شەعبی و میلیشیاکان و پاراستنی هەموو بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە تاوانەکان.
 
هەروەها ئاشکرای کرد: "داوامان لە وەزارەتی دەرەوە کردووە عێراق بخاتە لیستی چاودێریکردنی تایبەتەوە بەهۆی ئەو پێشێلکارییە ئایینییانەی تێیدا کراون."

 

 
ساڵی 2014 چی بەسەر ئێزیدییەکان هات؟ 
 
لە 3ـی ئابی 2014 رێکخراوى داعش هێرشی کردە سەر قەزاى شنگال و بەهۆیەوە 48 هەزار خێزانى کوردى ئێزدى لەو قەزایە ئاوارە بوون؛ زۆرینەیان پەنایان بردە بەر شارەکانی هەرێمى کوردستان. رێکخراوی داعش کۆمەڵکوژییەکی گەورەی لە شنگال کرد و هەزاران کوردی ئێزدیشی رفاند.
 
ئاداری ئەم ساڵ، نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی لە هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، شەش هەزار و 417 کەس لەلایەن داعشەوە رفێندران و تەنیا سێ هەزار و 585 کەسیان رزگارکراون، ئەوانەی دیکە هێشتا بێسەروشوێنن.