کۆمیسیۆن بەربژێرێک بە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەگۆڕێت
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر داوای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بەربژێرێکی پیاو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەگۆڕێت بە بەربژێرێکی ژن.
ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنى باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 23ـی تەممووز گۆڕینی ئەو بەربژێرەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستانى پەسند کردووە، کە لەلایەن ئەو حیزبەوە پێشکەش کراوە.
بەگوێرەی بڕیارەکە، کازم یاوەر ئەنوەر، بەربژێری ریزبەندی پێنجی لیستی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە بازنەی هەولێر، گۆڕدراوە بۆ جانیە عارف حاجی عاشوور کە بەربژێرێکی ژنە.
رۆژی 24ـی تەممووزی 2025 بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیستی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە هەولێر پێنج بەربژێری هەیە و بەگوێرەی رێکارەکانی کۆمیسیۆن، دەبێت لەو پێنج بەربژێرە دووانیان ژن بن، بۆیە ئەو گۆڕانکارییە کرا."
ئەو گۆڕانکارییە دوای ئەوە هات کە رۆژی 16ـی تەممووز، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە بڕیارێک داوای لە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کردبوو لە ماوەی سی رۆژدا ئەو بەربژێرە پیاوەیان بگۆڕن بە بەربژێرێکی ژن، کە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت، بە پاساوی ئەوەی رێژەی کۆتای ژن لە لیستەکەیان بەرجەستە نەبووە و بەگوێرەی بڕیارەکە، "ئەگەر ئەو گۆڕانکارییە نەکەن، لیستەکەتان لە سنووری هەولێر لە هەڵبژاردن دووردەخرێتەوە."
رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دیاریکراوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت، کە تێیدا هەر پارێزگایەک لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بازنەیەکی هەڵبژاردنە.