سەفین دزەیی لەبارەی شکستهێنان بە هێرشە درۆنییەکان: داوامان کردووە سیستمی بەرگری هەبێ

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە واشنتنەوە گوتی، هێرشە درۆنییەکان بوونەتە هۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگەکانی نەوت نیگەرانە و "ئێمەش داوامان کردووە سیستمی بەرگریی هەبێت".
 
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند: "ئەو گرێبەستانەی بواری وزە کە هەرێمی کوردستان لە واشنتن کردنی، بەداخەوە بوونەتە ئامانجی ئەو درۆنانەی بەم دواییانە لە کێڵگە نەوتییەکان دران."
 
بە گوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەم مانگەدا 20 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر باشووری کوردستان؛ لەو ژمارەیە 7ـیان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت بوون کە بە گوتەی عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی ئەو هێرشانەوە هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی لەدەستداوە.
 
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتی: "هێرشە درۆنییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانیان کەم کردووەتەوە و هیوادارین چیدیکە دووبارە نەبنەوە."
 
لەبارەی سەردانەکەیان بۆ واشنتن، سەفین دزەیی ئاماژەی بەوە کرد کە "لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و ئەندامانی کۆنگرێس کۆبووینەوە، جەختمان لە پەیوەندییەکانی هەردوولا و پێشهاتەکانی ناوچەکە کردەوە، لەگەڵ تاوتوێکردنی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا و هەولێر و واشنتن، بە ئومێدی ئەوەین پەیوەندی نێوان هەولێر و واشنتن لەم چوار ساڵەی دواییدا پتەوتر بکەین."
 
بە گوتەی سەفین دزەیی، "کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی پرسی مووچە، جێی نیگەرانی هەموو دۆستەکان و ئەمریکا بوون. باڵیۆزخانەش هەمیشە لەسەر هێڵ بووە بۆ چارەسەر، وەک دەزانین وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کرد لەوبارەیەوە."
 
19-05-2025 لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە واشنتن، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی لە بواری وزەدا بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار لەگەڵ دوو کۆمپانیای ناسراوی ئەمریکی، وێستن زاگرۆس و HKN Energy واژۆ کرد.
 
لە وەڵامی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن، سەفین دزەیی گوتی: "ئەمریکا پێشوازی لەو گرێبەستانە کردووە و نیگەرانە لەو هێرش و ئاڵنگارییانە. ئێمەش داوامان کردووە سیستمی بەرگری هەبێت نەوەک تەنیا بۆ کۆمپانیاکان، بەڵکو بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ هەموو عێراقیش."
 
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان گوتیشی، باڵیۆزخانە و کۆنسووڵگەریی ئەمریکاش لە بەغدا و هەولێر ئاگاداری کۆبوونەوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵین و تەنانەت "چەندین جار خۆیشیان بەشداربوون. ئەوان هانمان دەدەن بۆ رێککەوتن. ئێمە هەمیشە داواکارییەکانی بەغدامان جێبەجێ کردووە."
 
سەفین دزەیی گوتی: "زۆرجار پرسەکان دەدرێنە لیژنە تەکنیکی، دارایی و یاساییەکان. ئەوان کارەکانیان تەواو دەکەن و دەمێنێتەوە سەر ئەوەی بڕیاری سیاسی بدرێت، تەنانەت دادگەی فیدراڵیش بڕیاری داوە مووچە نەخرێتە نێو کێشمەکێشمی سیاسی. هاتنی مووچەی مانگی پێنجیش ئەنجامی گفتوگۆکان بووە، بۆیە هیوادارین گفتوگۆکان بەردەوام بن."
 
17ـی ئایاری ئەم ساڵ، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی ئەمریکا، گەیشتە واشنتن. سەفین دزەیی باسی لەوە کرد، "سەردانی ئەمجارەمان بۆ واشنتن بۆ بەدواداچوونە بۆ ئەنجامی سەردانەکەی مانگی ئایاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان."