ئەو پیاوەی تەرمەکەی لە شوقەیەکدا دۆزرایەوە، 15 ساڵە بەتەنیا ژیاوە
رووداو - دهۆک
ئەو کەسەی ئەمڕۆ (25-8-2019) تەرمەکەی لە شوقەیەکی سەنتەری شاری دھۆک دۆزرایەوە، باوکی چوار منداڵە و 15 ساڵە بەتەنیا ژیاوە.
کاژێر 01:15 خولەکی ئەمڕۆ تەرمی پیاوێکی تەمەن 78 ساڵ بەناوی (یونس عوسمان) لە شوقەیەکی خۆیدا لە گەڕەکی ماڵتا لە سەنتەری شاری دھۆک دۆزرایەوە. پۆلیس دەڵێت، دەرکەوتووە سێ رۆژە گیانی لەدەستداوە.
هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆک بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "بەپێی بەدواداچوونەکانمان دەرکەوت چەند رۆژ پێشتر لە ماڵەکەی خۆیدا بە چەکی کڵاشینکۆف خۆی کوشتووە".
هێمن سلێمان ئەوەشی پشتڕاستکردەوە، پیاوەکە خەڵکی دهۆکە و بەتەنیا ژیاوە. دەربارەی رووداوەکەش پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.
محەمەد حەسەن، خاوەنی دووکانێکی نزیک ئەو شوقەیە تەرمەکەی تێدابوو بە رووداوی راگەیاند "لە بەیانییەوە ھەستم بە بۆنێکی زۆر ناخۆش دەکرد، گومانم لەلا دروستبوو ئەو پیاوە بیێت، چونکە سێ رۆژ بوو دیارنەبوو، کە چوومە ژوورەکە بینیم گیانی لەدەستداوە".
ئەمین عەبدی، خزمی بە (رووداو)ی راگەیاند، ئەو کەسە ناوی یونس عوسمانە و خەڵکی ناوچەی شێخانە، بەڵام لە ساڵەکانی هەشتاوە لە موسڵ ژیاوە و 15 ساڵ پێش ئێستا هاتووەتە دھۆک، هەرچەندە باوکی چوار منداڵە بەڵام بەتەنیا ژیانی بەسەردەبردووە.
دەربارەی کەسوکارەکەی، ئەمین عەبدی دەڵێت، ئەو پیاوە چوار منداڵی ھەیە، بەڵام بەتەنیا دەژیا.