یەکەمجارە لە 100 ساڵی رابردوودا ئاوی مزگەوتی پاشا لە پێنجوێن وشکبکات
رووداو دیجیتاڵ
ئاوێسەر یەکێک لە هاوینەهەوارەکانى کوردستان لە سنوورى هەورامانى سەخت، شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن، بیرەوەرییەکانى ئەم دواییانەیان، دیاردەى ناهەموارى وەک ئەمساڵی تێدا تۆمارنەکراوە. دواى زیاتر لە یەک سەدە و بۆ یەکەمجار کانییەکەی نێو مزگەوتى پاشا لە پێنجوێن تەڕایی لێبڕا.
فاتیح سەلیم، خاوەنى پرۆژەى گەشتیاریى لە ئاوێسەر دەڵێت "من موالیدم 52ـوە، بە بیرم نایەت ئەم ئاوە ئاوا کەمى کردبێت، کە بەهۆیەوە سەدان جووتیار و ئاوى خواردنەوەى تەوێڵەش مەترسى لەسەرەرە."
زۆرینەى ئەو ئاوانەى ساڵى پار هاژەیان بۆ دەروبەریان بەخشیبوو، ئەمساڵ دەنگیان نزمتر کردووەتەوە.
سەروەت نامیق، جووتیار لە شارۆچکەی خوورماڵ بە رووداوی راگەیاند "جاران هەموو هەفتەیەک ئاودێریمان دەکرد، ئەمساڵ من یەک مانگ و نیوە ئاوم بەرنەکەوتووە."
دواى زیاتر لە یەک سەدە، بۆ یەکەمجار کانى نێو مزگەوتى پاشا لە پێنجوێن تەڕایی لێبڕا.
باقى مەحموود، دانیشتووى پێنجوێن بە رووداوی راگەیاند " لە ساڵی 1961ـەوە هاتووچۆى ئەم مزگەوتە دەکەم، ئەمڕۆش ئەم تەرمۆزەیەم هێنا، بەڵام گریانم دێت کە حەوزەکە وشکى کردووە."
عەبدوول سەعید، پێشنووێژى مزگەوتى پاشا لە پێنجوێن دەڵێت "لە ئیسلامدا دەڵێت ئەگەر چوویتە سەر دیجلە و فووراتیش لە سێ مشت زیاتر ئاو بەکاربهێنیت، گوناهبار دەبیت."
زیادبوونى خواستى مرۆڤ بۆ ئاو، جیهان دەخاتە بەردەم ئاقارێک کە تاوەکو ساڵى 2040 بەشێک لە وڵاتان یان بە جەنگ یان بە پارە ئاویان دەست بکەوێت.
سدیق کوێخا محەممەد، جووتیارى ناوچەى شارباژێڕ دەڵێت "ئەم چەمە لەسەرەوە تا خوارەوە و بەرەو قەڵاچوالان پار ئەم کاتە تا ئەژنۆ ئاوى تیابوو، ئێستا تا 20 مەتریش لە ژێر زەوى ئاو نەماوە."
بۆ دەستگەیشتن بە چەند رۆژێک ئاوى پاک، بە سەدان دار و درەختى بەژن بەرز لە لایەن مرۆڤەوە لەنێوبران، رەنگە دۆزینەوەى رێچکەى دیکەى ئاو چەند دژواریش بێت، بۆ مرۆڤ هەر بەردەست بێت، بەڵام گیاندارانى دیکە، خۆ هەر چاو لەدەستى مرۆڤە.
خاڵە رەزا کەریم، جووتیارى ناوچەى شارباژێڕ دەڵێت "هەرچى کانى و کانیاومان هەبوو ئەمساڵ هەمووى وشکى کرد، تەنیا یەک کانى نەبێت."
دووەم کۆڕبەندى جیهانیى ئاو لە ساڵى 2000 کە لەهۆڵەندا بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک ژمارەى مەترسیدار خرانەڕوو، لەوانە تا ئێستا سەرانسەرى وڵاتان، توانیویانە لە کۆى 30% ئەو ئاوەى کە جیهانى داپۆشیوە، 1%ـى ئاوى سازگاریان دەستبکەوێت.
رەحمان عەبدوڵڵا، جووتیارى گوندى سەرسووڕاو لە پێنجوێن دەڵێت "من لە سەرسووڕاو لەدایکبووم، بە بیرەوەرى خۆم و باوکیشم وشکەساڵى ئاوامان نەدیوە."
زۆربەی وڵاتانی جیهان وەها مامەڵە بە ئاوەوە دەکەن، کە بیریان لاى ئەوە نەبێت، رۆژێک ئاویان لێ ببڕدرێت، ئەمەیە ئەو هۆکارەى کە وەک دەڵێن: خەڵک بە بێویژدانى و ناهۆشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.