مەسرور بارزانی: مافی زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی پێشووی عێراقە قەرەبوو بکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 35ـەمین ساڵیادی ئەنفال لە بادینان دەڵێت، "بە بەڕێز و شکۆوە یادی قوربانیيانی ئەو تاوانە گەورە و هۆڤانەیەی رژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە کە ئامانجی قڕکردن و جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان بوو بە گشت پێکهاتەکانییەوە."
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "جێگەی داخ و نیگەرانییە تا ئێستا مادەی 132ـی دەستوور جێبەجێ نەکراوە کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی رژێمی بەعسی عێراق."
وەک مەسرور بارزانی دەڵێت، "مافی رەوای خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی کەسوکار و زیانلێکەوتووانی سەرەکی دەستی رژێمی پێشووی عێراقە کە بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکرێنەوە و دڵنیا بکرێنەوە کە جارێکی دیکە رووبەڕووی جینۆسایدکردن نابنەوە."
دەقی پەیامی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
لە ( 35 )مین ساڵڤەگەڕی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال لە دەڤەری بادینان، بەڕێز و شکۆوە یادی قوربانيانی ئەو تاوانە گەورە و هۆڤانەیەی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە کە ئامانجی قڕکردن و جێنۆسایدکردنی گەلی کوردستان بوو بە گشت پێکهاتەکانییەوە.
لەم هێرش و پەلامارانەدا ، کە دوا قۆناخی شاڵاوەکانی ئەنفال بوو، هەزاران خەڵکی بێتاوانی بادینان ئەنفالکران و بە دەیان هەزاریش ئاوارە و دەربەدەر بوون و سەدان گوندیش تێکدران و لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەکی قەدەخەکراودا، زیانێکی زۆر گەورە بە ناوچەکە گەیشت.
جێگەی داخ و نیگەرانییە، تا ئێستا ماددەی 132ی دەستوور جێبەجێ نەکراوە کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی ڕژێمی بەعسی عێراق.
لەم یادەدا، دووپاتی دەکەینەوە، کە مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی کەسوکار و زیانلێکەوتووانی سەرەکی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراقە، کە بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکرێنەوە و دڵنیا بکرێنەوە کە جارێکی دیکە ڕووبەڕووی جێنۆسایدکردن نابنەوە.
لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا، سەری ڕێز بۆ گیانی پاکی ئەنفالکراوانی بادینان و گشت شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دادەنوێنین.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان