هەولێر و بەغدا دوو پڕۆژەیاساى نەوت و گاز ئامادە دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى نەوتى عێراق هەر یەکەیان بە جیا پڕۆژەیاساى نەوت و گازی ئامادەکردووە، کە بڕیارە لە هەفتەى داهاتووەوە گفتوگۆى لەسەر بکەن.
رۆژی 24-08-2023 فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ شاندى دانوستانکارى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا کۆبووەوە.
چیایی تەیمور، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەگوێرەى ئەوەى کە لە کۆبوونەوەکەدا باسکرا، دوو پڕۆژە لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى نەوتی عێراق ئامادەکراون وەک پێشنیاز بۆ پڕۆژەیاساى نەوت و گازى عێراق و پێشنیازەکەى هەرێمى کوردستان دراوەتە بەغدا.
بڕیارە هەفتەى داهاتوو شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان جارێکى دیکە بگەڕێتەوە بەغدا بۆ گفتوگۆ لەبارەى پرسە هەڵپەسێردراوەکانى نێوانیان.
چیایی تەیموور گوتى: "بڕیارە هەفتەى داهاتوو گفتوگۆ لە نێوان هەردوو شاندى هەولێر و بەغدا لەبارەى ئەو پڕۆژانەوە دەستپێبکەنەوە."
رۆژی 5ـی ئابى 2023، یەکەم کۆبوونەوەى تایبەت بە تاوتوێکردنى پرسی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لە بەغدا کرا بە بەشداریى شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، وەزیرانى دەرەوە و نەوتى حکومەتى فیدراڵیی عێراق، نوێنەرانى پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانى نەوت و گاز و راوێژکارانى سەرۆکوەزیرانی عێراق.
سپیان سندى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە رووداوى راگەیاند، "تێڕوانینى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە پێشنیازەکەیدا بەو ئاراستەیەیە، کە دەسەڵات بدرێتە هەرێمەکان لەو پڕۆژەیاسایەدا لەبارەى گەڕان و بەرهەمهێنان و هەناردەکردنى نەوت و ئەنجامدانى گرێبەستەکاندا."
بەگوێرەى بڕگەى شەشەمى مادەى 13ـی یاساى بودجەى گشتیى عێراق، رادەستکردن و فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى ئەو یاسایە کارى پێدەکرێت تاوەکو ئەو کاتەى یاسای نەوت و گاز دەردەچێت. سەرەکیترین بڕگەکانى ئەو مادەیەى بودجەکە ئەوەیە هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى حکومەتى فیدراڵى دەکات و لە بەرامبەردا شایستەی دارایی وەردەگرێت.
پێشتر لە ساڵانى 2007 و 2011 دوو پڕۆژە یاساى نەوت و گاز لەلایەن حکومەتى عێراقەوە ئامادەکرا و رەوانەى پەرلەمان کرا، بەڵام بەهۆى ناکۆکیى لایەنەکان دەنگیان لەسەر نەدرا.
نەهرۆ رواندزى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق رۆژی دووشەممە 14-8-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بڕیاریداوە بە پێکهێنانى لیژنەیەک لە سێ وەزیرى حکومەتى عێراق لە هەر سێ پێکهاتەى کورد و شیعە و سوننە بۆ یەکلاییکردنەوەى پڕۆژەیاساى نەوت و گاز."