چلەی هاوین تەواو دەبێت و پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما دابەزێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ نزمترین پلەی گەرما لە حاجی ئۆمەران تۆمار کراوە کە 20 پلەی سیلیزی بووە؛ بەرزترینیش لە کەلار بووە بە 47 پلەی سیلیزی. کەشناسێک دەڵێت، ئەمڕۆ چلەی هاوین تەواو دەبێت و لە سبەی شەممەوە پلەی گەرما بە قۆناخ دادەبەزێت.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، نزمترین پلەی گەرمای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی 25ی ئابی 2023 لە حاجی ئۆمەران تۆمار کراوە بە 20 پلەی سیلیزی؛ گەرمترینیش لە کەلار بووە بە 47 پلەی سیلیزی.
لەبارەی کەشوهەوای سبەی شەممە 26ی ئابەوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئاسمان ساماڵ و کەمێک پەڵە هەور دەبێت؛ پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما پلەیەک دادەبەزێت؛ گوتیشی، "بارستە هەوایەکی سارد ناوچەکەی گرتووەتەوە و رۆژی سێشەممەی داهاتوو چەقی کاریگەرییەکەی دەبێت و بەراورد بە دووشەممە، پلەی گەرما 6 پلە دادەبەزێت و دۆخەکە تاوەکو کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت."
ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی لە کوردەواریدا پێی دەگوترێت چلەی هاوین و بە گەرمترین رۆژەکانی وەرزی هاوین دادەنرێت، ئەمڕۆ کۆتایی دێت.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر: 42 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 40 پلەى سیلیزى
دهۆک: 41 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 44 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 42 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 43 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 32 پلەى سیلیزى
سۆران: 40 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 45 پلەى سیلیزى