چیرۆکی یەکەم منداڵ کە لە ئەنفالی بادینان بە برینداری کەوتە دەست رژێمی بەعس
رووداو دیجیتاڵ
رەمەزان بەرگارەیی لە 28ـی ئابی ساڵی 1988 کە تەمەنی 12 ساڵان بوو، یەکەم کەس بووە کە بە برینداری کەوتووەتە دەستی رژێمی بەعس و دەستگیرکراوە.
رەمەزان چیرۆکەکەی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە، دەڵێت: رۆژی 27ی مانگی ئاب رژێمی بەعس کیمیایی لە ناوچەکە داوە و بەهۆی بۆنەکەیەوە منداڵێک گیانی لەدەستداوە، شەوەکەی لە ترسان نەخەوتووە و رۆژەکە خەوی لێکەوتووە. کاتێکیش رۆژبووەتەوە و سەربازانی بەعس چوونەتە ناوچەکە، دایک و باوکی لەگەڵ خەڵکی گوندەکەی رایان کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو خەوتووە، لەبیریان کردووە و جێیان هێشتووە.
کاتێک رەمەزان خەبەری دەبێتەوە، دەبینێت گوندەکەیان پڕ بووە لە سەرباز، دواتریش لە ئەنجامی تەقەی سەربازەکان بریندار بووە. لەو کاتەدا ئەفسەرێکی رژێمی بەعس بردوویەتییە لای خۆی و لە ناوچەکە دووری خستووەتەوە.
وەک خۆی دەڵێت، دواتر گواستراوەتەوە بۆ قەڵای نزارکێ لە دهۆک کە بەچاوی خۆی بینیویەتی خەڵک بە بلۆک و دار ئەشکەنجە دەدرێن. رەمەزان 14 رۆژ بە برینداری و بێ خواردن لە دایک و باوکی دابڕاوە و دواتر لە بەحرکە بە خێزانەکەی شادبووەتەوە.
ئەو کە لە تەمەنێکی کەمدا بووە، چەندین دیمەنی تراژیدیی ئەنفالی بادینانی بە چاوی خۆی بینیوە. لەوانە، دیمەنی کوشتنی ئافرەت و ئەشکەنجەدانیان لەلایەن سەربازانی رژێمی بەعس لە قەڵای نزارکێ.
ئەنفالی بادینان، کە لە 25ی ئاب تاوەکو 6ـی ئەیلوولی 1988 ئەنجام درا، دوایین قۆناخی تاوانی ئەنفالە، لە 28ـی مانگی ئاب ئەنفالی بادینان گەیشتووەتە دەڤەری بەرێ گارە لە سنووری قەزای ئامێدی.
لە ئەنفالی بادیناندا زیاتر لە پێنج هەزار کەس ئەنفالکران، نزیکەی 60 هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون. 663 گوند بەر ئەو پرۆسەی تاوانە دژی کورد کەوتن، لە وانە 40 گوندی مەسیحی، 81 گوندی کوردانی ئێزدی. 79 گوندیش کیمیابارانکران.