ئاگرەکەی دارستانی چەولیگ لە باکووری کوردستان کوژێندرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاگرەکەی دارستانی سنووری شارۆچکەی دارا خێنی سەر بە پارێزگای چەولیگ لە باکووری کوردستان کوژێندرایەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی چەولیگ بڵاویکردەوە، رۆژی 24ی ئابی 2023 ئاگر لە دارستانی سنووری شارۆچکەی دارا خێنی لە پارێزگای چەولیگ کەوتەوە؛ تیمەکانی ئاگرکوژێنەرەوە دەستیان بە کوژاندنەوەی ئاگرەکە کرد و دوای هەوڵدانێکی زۆر، سەرکەوتوو بوون و ئاگرەکەیان کوژاندەوە.
دوو هێلیکۆپتەر، 13 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، سێ تانکەری گەورەی ئاو، 12 شۆڤڵ و 126 کارمەند رەوانەی شوێنی ئاگرەکە کران بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە.
رۆژی 29ی تەممووزی 2023، ئیبراهیم یوماکڵی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا رایگەیاند، ئەمساڵ لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا نزیکەی شەش هەزار و 900 هێکتار دارستان و پاوان سووتاوە.
ساڵی رابردوو، 203 ئاگر لەدارستانەکانی 31 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کەوتنەوە و لە ئەنجامدا 10 هەزار و 446 هێکتار زەوی دارستان و پووش و پاوان سووتا، 149 کەس برینداربوون و سێ کەس گیانیان لەدەستدا.
لە ساڵی 2021دا ئاگر لە 299 دارستانی 53 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کەوتەوە و لە ئەنجامدا 178 هەزار هێکتار زەوی دارستان و پووش و پاوان سووتا، هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و 510 کەس برینداربوون.