بەرگریی شارستانیی سلێمانی: ئاگرەکەی سەیرانگەی چەمی رێزان کۆنترۆڵ کرا
رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی چوار کاژێر لە سووتانی پووش و پاوانی سنووری سەیرانگەی چەمی رێزان، ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵ کرا.
رۆژی هەینی 25ی ئابی 2023 رائید ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نزیک کاژێر 02:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگرێک لە سنووری سەیرانگەی چەمی رێزان کەوتەوە؛ دوای نزیکەی چوار کاژێر لەلایەن بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵ کرا."
لە رووداوەکەدا جگە لە زیانە ژینگەییەکان، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. ئارام عەلی گوتی، تاوەکو ئێستا نازانن هۆکاری ئاگرەکە چی بووە و چەند دۆنم زەویی پووش و پاوان سووتاوە.
سەیرانگەی چەمی رێزان دەکەوێتە نێوان شاری سلێمانی و دووکانەوە؛ ساڵانە و بەتایبەت لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا گەشتیاران بۆ بەسەربردنی کاتێكی خۆش سەردانی دەکەن.
بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو حەوت هەزار و 546 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان هەبوون و 317 هاونیشتمانی لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە لە سووتان رزگارکراون.