ئاسایشی زاخۆ: ئیسلام کەشانی پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکەدا هەبووە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاسایشی زاخۆ دەڵێت، دەستگیرکردنی رۆژنامەڤانێکی یەکگرتووی ئیسلامی لە زاخۆ بەهۆی ئەوەوە بووە کە پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکەدا هەبووە.
 
دوێنێ پێنجشەممە کاژێر 09:45ی بەیانی ئیسلام سەعدی ناسراو بە ئیسلام کەشانی، بەرپرسی نووسینگەی زاخۆی کەناڵی سپێدە کە سەر بە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانە، لەلایەن ئاسایشی زاخۆوە دەستگیرکرا. لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەیەوە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 25ی ئاب، ئاسایشی زاخۆ رایگەیاند، "دوای پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییانەی بە ئێمە گەیشتبوو کە پەیوەندیی لەگەڵ چەکدارانی پەکەکەدا هەبووە، ئیسلام سەعدی دەستگیرکراوە."
 
ئاسایش ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئیسلام سەعدی بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت؛ هیچ پێشێلکارییەکی یاسایی بەرامبەر نەکراوە و بە شێوەیەکی یاسایی دەستبەسەر کراوە، هەموو بەڵگەیەکیش لەسەر کەیسەکەی لەبەردەستدان."
 
لەبارەی روونکردنەوەکەی ئاسایشی زاخۆوە، ئاسۆ حەمید، بەرپرسی تۆڕی میدیایی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو تۆمەتانە بە تەواوی رەتدەکەینەوە؛ ئیسلام کەشانی کادیرێکی دڵسۆزی یەکگرتووە و جگە لە یەکگرتوو، پەیوەندیی لەگەڵ هیچ لایەنێک نەبووە و نییە."
 
بەرپرسی تۆڕی میدیایی یەکگرتوو دەڵێت، "بە ئەقڵی هیچ کەسێکەوە ناچێت کەشانی پەیوەندیی بە پەکەکەوە هەبێت" و گوتیشی، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە ئیسلام کەشانی ببینن و سبەی بەدواداچوونی زیاتر بۆ کەیسەکەی دەکەن.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی زاخۆدا هاتووە، "دڵنیایی دەدەین کە هیچ کاتێک لەسەر جیاوازیی هزر و بیروڕای سیاسی، هیچ کەسێک دەستگیر ناکەین و جیاوازی لەنێوان هیچ تۆمەتبارێکیشدا ناکەین؛ رێگە بە هیچ هێز، گرووپ و لایەنێکیش نادەین ببێتە هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان."
 
بەگوێرەی ئاماری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بۆ رووداو، زیاتر لە شەش هەزار رۆژنامەڤانی "کارا" ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانن؛ زیاتر لە هەزار و 600 دەزگای راگەیاندنیش لە سەندیکاکە تۆمارکراون؛ زیاتر لە 950 گۆڤار و رۆژنامە، زیاتر لە 300 کەناڵی تەلەڤزیۆنی؛ زیاتر لە 250 رادیۆ و نزیکەی 100 ماڵپەڕی تۆمارکراویش لە سەندیکا هەن.
 
بەپێی ئاماری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان، ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان 431 پێشێلکاری بەرامبەر 301 رۆژنامەڤان و دامەزراوەی میدیایی کراوە.