سەرۆک بارزانی: دەبێ عێراق قەرەبووی جینۆساید و ئەو زوڵمانە بکاتەوە کە دەرحەق میللەتەکەمان کراون


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک مەسعود بارزانی لە یادی 35 ساڵەی ئەنفالی بادینان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، دەبێ دەوڵەتی عێراق قەرەبووی جینۆساید و ئەو زوڵمانە بکاتەوە کە دەرحەق بە میللەتەکەمان کراون.
 
سەرۆک بارزانی دەڵێت، "ئامانجی ئەو كردەیە شكاندنی ئیرادەی شۆڕشگێڕیی بادینان بوو، بەڵام گەلی كوردستان خاوەنی ئیرادە و قەزییەكی رەوا بوو و هەرگیز لە بەرانبەر ئەو تاوان و ستەمكاریانەی دوژمن خۆی بەدەستەوە نەدا. ئەوە دوژمنان و تاوانباران بوون كە باجی هەڵە و تاوانەكانیان دا. ئەمە وانەیەكی گەورەیە بۆ رۆڵەكانی گەلەكەمان و هەمیش بۆ نەیاران و ناحەزانی گەلی كوردستان." 
 
سەرۆک مەسعود بارزانی جەخت لەوە دەكاتەوە، "دەبێت دەوڵەتی عێراق قەرەبووی جینۆساید و ئەو تاوان و زوڵمانە بكاتەوە كە دەرهەق میللەتەكەمان كراوە." 
 
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی لە یادی 35 ساڵەی ئەنفالی بادینان
 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
لە درێژەی ئەو زنجیرە تاوان و كارەساتانەی لە سەدەی ڕابردوو دژی کوردانی فەیلی و ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە بارزان و گەرمیان و هەڵەبجە و شوێنەكانی تر ئەنجام درا، سی و پێنج ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی پێشووی عێراق لە دوایین قۆناغی پڕۆسەی ئەنفالدا پاش بۆردومان و كیمیابارانكردنی زۆربەی زۆری دەڤەری بادینان، خەڵكی ئەو ناوچانە و پێكهاتەكانی ڕووبەڕووی گرتن و بێسەروشوێن كردن و ڕاگواستن كردەوە. 
 
حكوومەتی ئەو كاتی عێراقی بەبەرچاوی جیهان سەدانهەزار سەرباز و چەكی تۆقێنەری  لەدژی دانیشتوانی بێتاوانی بادینان بەكار هێنا. ئامانجی ئەو كردەیە شكاندنی ئیرادەی شۆڕشگێڕیی بادینان بوو، بەڵام گەلی كوردستان خاوەنی ئیرادە و قەزییەكی ڕەوا بوو و هەرگیز لەبەرانبەر ئەو تاوان و ستەمكاریانەی دوژمن خۆی بەدەستەوە نەدا. ئەوە دوژمنان و تاوانباران بوون كە باجی هەڵە و تاوانەكانیان دا. ئەمە وانەیەكی گەورەیە بۆ ڕۆڵەكانی گەلەكەمان و هەمیش بۆ نەیاران و ناحەزانی گەلی كوردستان.
 
لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدان و ئەنفالكراوان دەنێرین و جەخت لەوە دەكەینەوە دەبێ دەوڵەتی عێراق قەرەبووی جینۆساید و ئەو تاوان و زوڵمانە بكات كە دەرهەق میللەتەكەمان كراوە.