بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە شێواز و مەرجی خۆتۆمارکردنی کۆمپانیاکان بڵاودەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان شێواز و مەرجی خۆتۆمارکردنی کۆمپانیاکان بڵاودەکاتەوە، گوتەبێژەکەی دەڵێت، "ئەم ساڵ کۆمپانیاکانیش لە سیستمی دیجیتاڵی تۆمار دەکرێن. بۆ حەجی 2026 پێویستمان بە 112 کۆمپانیا دەبێت."
 
رۆژی دووشەممە 25ی ئابی 2025 کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت داواکاری بۆ حەجی 2026 پێشکێش بکەن تاوەکو هاووڵاتییان ببەنە سعودیە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج، پێویستە لە سیستمی ئۆنلاین خۆیان تۆمار بکەن، دواتر چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکرێت و لە رێگەی لیژنەیەکەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێ، دواتر ناویان دەچێتە تیروپشکەوە."
 
ساڵانی رابردوو ئەو کۆمپانیانەی دەیانویست لە بردنی حاجیان بەشداربن، فۆڕمیان وەردەگرت و دەچوونە چاوپێکەوتن، بەڵام ئەم ساڵ پێویستە لە سیستمی ئۆنلاین خۆیان تۆمار بکەن.
 
بە گوتەی کاروان ستوونی، ئەو کۆمپانیانەی لە حەجی ئەم ساڵدا ئاستیان باش بووە و حاجییان لێیان رازی بوون، بەپێی هەڵسەنگاندنی وەرزی حەجی 2025، بەبێ تیروپشک بۆ وەرزی حەجی 2026 هەڵدەبژێردرێنەوە.
 
لەبارەی شێوازی دەستنیشانکردنی ئەو کۆمپانیانەی بە باشترین هەڵبژێردراون و بەبێ تیروپشک بەشداردەبنەوە، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەگوتی، "بۆ هەر یەک لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک باشترین پێنج کۆمپانیا؛ بۆ هەریەک لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران، زاخۆ، گەرمیان و راپەڕینیش باشترین دوو کۆمپانیا هەڵدەبژێردرێن، وەکو پاداشتێک لە بەرامبەر ئەوەی باشترین خزمەتیان پێشکێشی حاجییان کردووە."
 
بۆ حەجی 2025، ناوی 112 کۆمپانیا لە تیروپشکدا دەرچوو. کاروان ستوونی دەڵێت، "بڕیارە پشکی حاجییانی عێراق بۆ حەجی ساڵی داهاتوو زیاد بکرێ. ئەگەر زیاد بکرێ، هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، واتە ژمارەی کۆمپانیاکانیش بەپێی زیادبوونی ژمارەی حاجییان زیاد دەکرێ، ئەگەرنا ئەم ساڵیش پێویستمان بە 112 کۆمپانیا دەبێت."
 
رۆژی 10ـی ئابی 2025، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لەمەودوا ناوتۆمارکردن بۆ خوازیارانی حەج بە ئۆنلاین دەبێت و تۆمارکردنەکەش بێبەرامبەرە."
 
پێشتر ناونووسین لەڕێگەی فۆرمێکەوە بوو و بڕێک پارە وەردەگیرا، بەڵام ئێستا پرۆسەکە ئەلیکترۆنییە و بێبەرامبەرە.
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا 27 هەزار کەس لە رێگەی سیستمی ئۆنلاینەوە داواکارییان بۆ بەجێهێنانی حەج پێشکێش کردووە.
 
ناوتۆمارکردن لەو سیستمە ئەلیکترۆنییە تاوەکو 20ـی ئەیلوولی 2025 بەردەوام دەبێ و لە 1ی تشرینی یەکەمی 2025 تیروپشکی بۆ دەکرێت.
 
ساڵی رابردوو پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەج 5,134 کەس بوو.