میرى کوردانی ئێزدی: بڕیارەکەى ئەم دواییەى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کۆژانەکانمان زیاتر دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

میر حازم تەحسین بەگ دەڵێت، لە بڕیارێکى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق نیگەرانن، کە ئاوارە ئێزدییەکان وەک تێکەڵبوو بەو کۆمەڵگەیە هەژمار دەکات میواندارییان دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، سەتان هەزار کەس لە کەسوکاریان هێشتا لە کەمپى ئاوارەکاندان و هەزاران ژن و منداڵی ئێزدییش بێسەروشوێنن.
 
ئەو گوتانەى میر حازم تەحسین بەگ، میرى کوردانی ئێزدی لە جیهان لە کۆنفرانسى جینۆسایدی ئێزدییان بوو، کە ئەمڕۆ دووشەممە 25ى ئابی 2025 لە زانکۆی کوردستان لە هەولێر دەستیپێکرد.
 
میر حازم تەحسین بەگ گوتى، "ئەو کۆمەڵکوژییەى ساڵى 2014 بەرامبەر ئێزدییەکان کرا، برینگەلێکى جێهێشت کە تاوەکو ئێستا خوێنیان لێ دەچۆڕێت."
 
میری کوردانی ئێزدی لە جیهان رایگەیاند، سەتان هەزار کەس لە کەسوکاریان هێشتا لە کەمپى ئاوارەکانن، هەزاران ژن و منداڵی کوردی ئێزدى بێسەروشوێنن، ناوچەکانیان پێویستیان بە ئاوەدانکردنەوە و گەرەنتیکردنى گەڕانەوەیەکى ئارامە بۆ ئاوارەکان.
 
کۆنفرانسی جینۆسایدی ئێزدییان دوو رۆژ بەردەوام دەبێ و تێیدا ژمارەیەک توێژینەوەى زانستى پێشکێش دەکرێن لەپێناو ناساندنى زیاترى جینۆسایدى ئێزدییەکان.
 
میر حازم تەحسین بەگ گوتى، "نیگەرانین لە بڕیارێکى ئەم دواییەى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، بەوەى ئاوارە ئێزدییەکان وەک تێکەڵبوو بەو کۆمەڵگەیە هەژمار بکرێت کە میواندارییان دەکەن؛ لە کاتێکدا مەرجەکانى گەڕانەوە و ئاسایش و دەستەبەرکردنى ژیانێکى شایستە بەدى نەهاتووە و ئەم بڕیارە کۆژانەکانمان زیاتر دەکات."
 
20ى ئابی 2025 عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوتوێی ئەو بیرۆکەیەیان کردووە کە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ دۆسیەی ئاوارەکان لە عێراق دابخرێت، بە هاوئاهەنگی ئەو لیژنانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێکهێندراون، بەوەى ئەو خێزانانەی لە کەمپەکاندان و نایانەوێت بگەڕێنەوە، وەکو دانیشتووی ئەو پارێزگایە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت کە تێیدا نیشتەجێن و وەک ئاوارە هەژمار نەکرێن."
 
میر حازم تەحسین بەگ گوتى، "سوپاسى گەلى کوردستان دەکەین لە پێشوازیکردن لە ئاوارەکانى شنگال، هەروەها سوپاسی بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەکەین لە پاڵپشتیکردن بۆ رزگارکردنى رفێندراوانى ئێزدى لە دەستى داعش."
 
لە هێرشی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە 03ی ئابی 2024، شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران؛ سێ هەزار و 548 نێر و دوو هەزار و 869 مێ.
 
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش کە نووسینگەکە سەر بە نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوانەی تاوەکو ئەمڕۆ رزگارکراون 3 هەزار و 590 کەسن؛ هەزار و 211 ژن و 339 پیاو؛ هەزار و 76 کچی منداڵ و 964 کوڕی منداڵ."